hemn husain
31 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2016
لە یادی 33 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان، باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە شارەدێی بارزان دەکرێتەوە و دواتریش سەردانی گۆڕستانی بارزانییەکان دەکرێت و تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی جینۆسایدکراوەکان دادەنرێت و 33 دانە مۆمیش دادەگیرسێنن و لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا، جلوبەرگی بارزانییە ئەنفالکراوەکان لە هۆڵێکی ئەو شوێنەدا نمایش دەکرێت.
هەموو ساڵێک لە یادی ئەنفالکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمێک رێکدەخرێت و تێیدا کارەساتی ئەنفال بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕنەوە.
ئەمڕۆش 33 ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت و ئەو کاتەی بارزانییەکان لەشوێنی رەسەنی خۆیان راگوێزران بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و دەستکرا بەوێرانکردنی دێھاتەکان و سووتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکانییان.
لە کۆتایی ساڵی حەفتاکان، وەکو قۆناغی یەکەمی ئەنفال، بارزانییەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکان نیشتەجێ کران و پاش تەواوبوونی قۆناخی یەکەم و دەستنیشانکردنی ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە مەبەست بوو لەناوببرێن، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و کۆکردنەوە و ڕاپێچکردنییان دەستی پێکرد.
لە مانگی7ـی ساڵی 1983 دەستکرا بە گرتنی پیاوان و کوڕانی بارزانییەکان، ئەوانەی پێشتر لە کۆمەڵگا زۆرەملێیەکاندا نیشتەجێکرابوون و پاش گرتنییان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و رەوانەی پارێزگای موسەننا کران.
دواتریش ئەنفالی بارزانییەکان ئەو شاڵاوەی ھەشت ھەزار بارزانی بێسەروشوێن کرد، دەستپێکی شاڵاوێکی گەورەتری حیزبی بەعس بوو کە بۆ لەناو بردن و قڕکردنی نەتەوەیەک دەستی پێکردبوو، کە لەئەنجامی ئەو شاڵاوەدا زیاتر لە 182 ھەزار کورد بوونە قوربانی، ئەگەر چی لە دانووستاندنەکانی ساڵی 1991 لە دوای راپەڕین، بەغدا ھیچ شتێکی لەبارەی چارەنووسی بارزانییەکان ئاشکرا نەکرد، بەڵام گرتە ڤیدیۆییە کورتەکەی سەدام حوسێن لە ساڵی 1983 بووە بەڵگە کاتێک گوتی "ناردوومانن بۆ جەھەنەم".