جيهان

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالدا

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "سەرباری ھەموو ئاڵۆزی و سەختییەکی سیاسیی وڵات، ساڕێژکردنی برینی ئەنفال و قەرەبووکردنەویان، دەبێت کاری سەرەکیی دەوڵەت و حکوومەتی عێراق بێت، ئەمە بەرپرسییەکی ئەخلاقی و مێژووییە.".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 14.04.2019 - نوێکردنەوە : 15.04.2019
پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالدا

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا لە ساڵیادی ئەنفالدا، ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هاوکاری تەواوی کەسوکاری ئەنفال بکرێت و ئاوەدانکردنەوەی زێد و باشترکردنی ژیانییان تەوەرێکی دیکەی پەیامەکەیەتی.

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا نووسیویەتی "وا جارێکی تر دوای زیاتر لە ۳۰ ساڵ یادی قوربانیان و کەسوکاری شاڵاوی دڕندەی ئەنفال دەکەینەوە. ئەو شاڵاوەی ھیچ سنوورێکی نەدەناسی، ئافرەت، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو، گرنگ لەناوبردنی ژیان بوو لە گوند و شارۆچکە و شارەکانی ئەم بەشەی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە "سیاسەتی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بەرامبەر میللەتەکەمان جگە لە وێرانکاری و تۆقاندن و سەپاندنی دەسەڵاتی دێوەزمەی دەوڵەتی عێراق، ژیانی زیاتر لە ‌١٨٠ ھەزار کەسی بە چەکی قورس و گازی کوشندە و کیمیابارانی ئاسمانیی کوردستان، بەکۆتا ھێنا".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەوان دەبێت بە ئەرکی خۆیان بزانن بۆ هاوکاری کەسوکاری ئەنفال و تیایدا هاتووە "ئێمە وەک میللەتێک دەبێت بە ئەرکی خۆمان بزانین کە نەک تەنھا یادی قوربانیانی ئەنفالکراو بکەینەوە، بەڵکو ھاوکاریی تەواوی کەسوکاریان و ئاوەدانکردنەوەی زێد و باشترکردنی ھەلومەرجی ژیانیشیان لە ئەستۆی ئێمەدایە".

ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرباری ھەموو ئاڵۆزی و سەختییەکی سیاسیی وڵات، ساڕێژکردنی برینی ئەنفال و قەرەبووکردنەویان، دەبێت کاری سەرەکیی دەوڵەت و حکوومەتی عێراق بێت، ئەمە بەرپرسییەکی ئەخلاقی و مێژووییە.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نێچیرڤان بارزانی نووسیویەتی "بۆ رێگری لە ھەر ھێرشێکی ھاوشێوەی ئەنفال لە داھاتوودا دژی گەلەکەمان جا لەژێر دروشمی نەژادپەرستی، نەتەوایەتی، ئایینی یان ئایدیۆلۆجیی سیاسیدا بێت، ئێمە نابێت قوربانیانی ئەنفال و کەسوکاریان لەبیر بکەین. با ئەمڕۆ، سبەینێ و ھەموو رۆژێک یادیان بکەینەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın