Zana Natık Kerem
14 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2019
ریاز ــ AA
ھەریەک لە سعوودیە و ئیمارات رایانگەیاند کە پشتیوانی لە ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سوودان دەکەن.
دوێنێ شەممە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سوودان، جەنەراڵ عەبدولفەتاح بورھان رایگەیاندبوو کە لە میانی قۆناعی راگوزەردا کە تا دوو ساڵ دەخایەنێت، حکوومەتێکی مەدەنی لە سوودان پێکدەھێندرێت.
دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی سوودان، عومەر بەشیر (١٩٨٩-٢٠١٩) لەژێر فشاری خوپیشاندانی جەماوەری وازی لە دەسەڵات ھێنا، ئەنجوومەنێکی سەربازیی راگوزەر لە سوودان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، پێکھێندرا.
لە یەکەم کاردانەوەشدا سعوودیە رایگەیاند، پشتیوانی لە ھەنگاوەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر و گەلی سوودان دەکات.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاویکردەوە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز داوای لە کاربەدەستانی وڵاتەکەی کردووە ھەرچی زووە یارمەتی مرۆیی رەوانەی سوودان بکەن.
شا سەلمان بن عەبدولعەزیز راشیگەیاندووە کە ئومێدەراوە سەرجەم ھێزە سیاسی، میللی، پیشەوەران، دەزگای سەربازیی سوودان پارێزگاری لە دەزگا شەرعییەکان و قۆناغی ئاشتیانەی راگوزەر بکەن.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئیمارات، خەلیفە بن زاید ئال نھەیان رایگەیاند کە پشتیوانی لە ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر لە سوودان دەکەن.
خەلیفە بن زاید ئال نھەیان داواشی کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانن رێگەیەک بۆ چۆنیەتی گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی سوودان بدۆزنەوە.
دوێنێ شەممە، جەنەراڵ محەمەد حەمدان داقلو وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاسایی خوارد و دواتر ھەریەک لە جەنەراڵ عومەر زەین بن ئەلعابدین، جەنەراڵ عەتایب بابەکر عەلی فازل، جەنەراڵ سەڵاح عەبدولخالق سەید عەلی، جەنەراڵ جەلالەددین ئەلشێخ ئەلتەیب، جەنەراڵ یاسر عەبدولرەحمان حەسەن ئەلعەتار، جەنەراڵ مستەفا محەمەد ئەحمەد، جەنەراڵ ئیبراھیم جابر ئیبراھیم و جەنەراڵ شەمسەددین قەباشی ئیبراھیم وەک ئەندامانی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاساییان خوارد.
ھاوکات جەنەراڵ شەمسەدین قەباش ئیبراھیم لە ھەمان کاتدا وەک گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە دیارکرا.
ھەر دوێنێ ھاووڵاتییانی سوودان بۆ ھەشتەمین رۆژ درێژەیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دا لە بەردەم فەرماندەیی سوپا لە شاری خەرتووم-ی پایتەخت داوا و دەکەن ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر کە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات پێکھێندراوە ھەڵبوەشێندرێتەوە و لە بری ئەو حکوومەتێکی مەدەنی پێکبھێندرێت.
دوای ئەوەی سوپای سوودان دەستی بەسەر حکوومەتی ئەو وڵاتەدا گرت، وەزیری بەرگریی سوودان، عەوەز بن عۆف وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی راگوزەر سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام ٢٤ کاتژمێر بەسەر سوێندخواردنەکەیدا تێنەپەڕی و دەستی لەکارکێشایەوە.
رۆژی ھەینی رابردوو جەنەراڵ عەبدولفەتاح بورھان وەک سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی راگوزەری سوودان، سوێندی یاسایی خواردبوو.