Kasım İleri
25 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
واشنتۆن – AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، لایەنەکانی سوودان ئاگربەستێکی ٧٢ کاتژمێرییان راگەیاندووە.
ئەنتۆنی بلینکن لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی پێکدادانەکانی سوودانەوە نووسیوویەتی: "دوای دانوستانێکی چڕوپڕ بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ئاگربەست لەسەرتاسەری وڵات رابگەیەنن".
لە راگەیەندراوەکەدا کە دوێنێ بڵاو کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەیش دراوە، ئاگربەستەکە لە نیوەشەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی نیسانەوە دەستی پێ دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا پشتیوانی تەواوی ئەمریکا خراوەتە روو بۆ کارکردنی تەواوەتی بە ئاگربەستەکە بە درێژایی ماوەی ئەو ٧٢ کاتژمێرە و تیایدا هاتووە: "بۆ کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان، ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە مەدەنییە سوودانییەکان پێکەوە کار دەکات و رۆڵی یارمەتیدەر دەگێڕێت بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ئاگربەستەکە".
لای خۆیشیەوە هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە داوە کە بە نێوەندگیری ئەمریکا و بەمەبەستی دروستکردنی رێڕەوی مرۆیی بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی پێکدادانەکان و نێردە دیپلۆماتییەکان بە ئاگربەستەکە رازی بووە.