Hamit Hüseyin
14 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2016
ئەنفال پرۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بوو، ئەم پڕۆسەیە لە ٢ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێكرد ھەموو ساڵێك بۆ یادی ئەنفال لە ١٤ی چوار لە ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی یەك خولەك و ھەشت چركە لە سەعات ٩ی بەیانی لە سەر شەقامەكان ماتەمینی ئەو رۆژە دەگرن.
لە ساڵی ٢٠٠٧ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری دیاریكردنی رۆژی ١٤ی چواری دا كە بكرێت بە رۆژی یادكردنەوەی تاوانەكانی ئەنفال.
ئەنفال ھەشت قۆناغی، کۆشتنی ١٨٢ ھەزار كەس و ھەروەھا وێرانكردنی چوار ھەزار و ٣٠٠ گوندی لێكەوتەوە. ئەنفال پڕۆسەیەكی گشتگیربوو بۆ لەڕیشەوە ھەڵتەكاندنی نەتەوەی كورد، ئەو شاڵاوە لە ٩ی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێكرد و لە شەشی ئەیلوولی ھەمان ساڵیش كۆتایی پێھات.
لە ھەرێمی كوردستان ھەموو سالێك بۆ ماوەی یەك خولەك و ٨ چركە ماتەمینی لە سەعات ٩ی رۆژی ١٤ی چوار دەستپێدەكات كە یەك خولەك بۆ یادی قڕكردنی ١٨٢ ھەزار كەس و ھەورەھا ٨ چركەكەش بۆ ئەو ھەشت قۆناغەیە كە ئەنفال كراون.
-قۆناغی یەكەم، ٩ی شوبات تا ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بوو لە ناوچەكانی سەرگەڵو و بەرگەڵو سنووری شارۆچكەی سوورداشی سەربە قەزای دوكان لە پارێزگای سلێمانی گرتووەتەوە.
-قۆناغی دووەم، ٢٢ی شوبات تا یەكی نیسانی ١٩٨٨ ناوچەكانی قەرەداغی گرتووەتەوە.
-قۆناغی سێیەم، حەوتی نیسان تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ ئەم قۆناغە ناوچەكانی گەرمیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و سنووری شارەكانی"خوورماتوو، كەلار، كفری، دەربەندیخان، چەمچەماڵ و چەند شوێنێكی دیكەشی گرتەوە"، ئەم قۆناغە بە بەرفراوانی ئەو ناوچانەی گرتوویەتییەوە و زۆری قوربانی لەقۆناغەكانی تر جیاكراوەتەوە، ھەربۆیە ساڵیادی ئەو تاوانەش خراوەتە ئەم قۆناغە.
-قۆناغی چوارەم، سێی ئایار تا ھەشتی ئایاری ١٩٨٨ ناوچەكانی دۆڵی زێی خوارووی گرتەوە كە ئاغجەلەر و گۆپتەپە و عەسكەر و ناوچەكانی شێخ بزێنی، كۆیە، خەلەكان، دوكان بوون.
-قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم، پێنجی ئایار تا ٢٦ی ئایاری ١٩٨٨ ناوچەكانی بالیسان، شەقڵاوە، ھیران، نازەنین، سماقوڵی، دۆڵی ئالان، رواندوز، چۆمان، زنجیرە چیای قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، ھیزۆپ، چیای باواجی، بەشێك لە گوندەكانی كۆیە، دیبەگە، ئاڵتون كۆپری.
-قۆناغی ھەشتەم، ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ناوچەی بادینانی گرتەوە لە ئامێدی، دھۆك، زاخۆ، شێخان، ئاكرێ، بارزان.
كۆی پرۆسەكە زیانی زۆر گەورەی لێكەوتەوە لە سەروویاندا بێسەروشوێنكردن و زیندەبەچاڵكردنی ١٨٢ ھەزار كەس و رووخانی نزیكەی چوار ھەزار و ٣٠٠ گوند و گەیاندنی زیانی ملیارەھا دۆلار لە ئابووری ناوچە كوردییەكانی عێراق.
جێگری پارێزگای ھەولێر تاھیر عەبدوڵڵا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "لە سەر داوای وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوەكان كە پێشنیازێكی خستە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی رێكخستنی یادكردنەوەی ئەنفال لە شارو شارۆچكەكان، یەكێك لە بڕگەكانی بڕیارەكە بریتییە لە راگرتنی ھاتوچۆ لە شەقامەكان و، بەم بۆنەیەوەشەوە كاتژمێر ٩ی بەیانی لە ١٤ی چوار ھەموو ساڵێك ئەو یادە بەرز رادەگیرێت".
ھەوەھا تاھیر عەبدوڵڵا گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ لێرە راوەستاوین تا ئەو یادە لە بیر نەكرێت و ئەنفال كارەساتێك بوو بەسەر ئێمەدا ھات مێژووی ئێمە پڕە لە كارەسات و تیراجیدیای لەم شێوەیە".