Dilşad Seyfeddin Ahmet
14 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2016
ئەمڕۆ لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی 28هەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفالەوە، چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، لە قەزای چەمچەماڵ (65 كم رۆژئاوای سلێمانی) كە بە پایتەختی ئەنفال ناسراوە و مۆنۆمێنتی سەرەكی ئەنفال دەكەوێتە ئەم شارەوە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بە نارەزایی و خۆپیشاندان ئەو یادەیان كردەوە.
سەرەتا ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان لە بەردەم مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ كۆبوونەوە و نیگەرانی خۆیان نیشان دا لە بڕیاری ئەنجام نەدانی هیچ چالاكییەك بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە، دواتر چوونە سەر شەقامی سەرەكی بەردەم مۆنۆمێنتەكە كە رێگای سەرەكی نێوان شاری سلێمانی و كەركووكە و ئەو شەقامە سەرەكییەیان داخست، بەوەش ئاستەنگی گەورەی هاتوچۆ لەو رێگایەدا دروست بوو كە بەسەدان ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر لەسەر شەقامەكە بۆ ماوەیەكی زۆر مانەوە.
ئیسماعیل حوسێن، تەمەن 55 ساڵان خاوەنی 120 شەهیدی ئەنفالە و یەكێك بوو لە كەسە نیگەرانەكانی سەرشەقامەكە ، ئەو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئێمە دانیشتووی ناحییەی شۆڕشین لە چەمچەماڵ كە زیاتر لە 10 هەزار خێزانی تێدایە و وەك كەسوكاری ئەنفالكراوەكان ژیانێكی سەختمان هەیە و 15 رۆژ جارێك ئاومان بۆ دێت و سێ مانگیشە مووچەكانمان بڕدراوە، خۆمان بە خاوەنی شۆڕش و شەهید و ئەنفالكراوەكان دەزانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مووچەكانمان راوەستاوە و ژیانێكی سەختمان هەیە و حكوومەت هاوكاریمان ناكات".
ئەو گوتی: "حكوومەت بەرپرسە لە هەموو بوارەكان و بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە بڕیاری راگرتنی چالاكییەكانیان داوە".
رەمەزان بەهمەن، تەمەن 32 ساڵان یەكێكی ترە لە كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و بە نیگەرانییەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ حكوومەت ئەوەیە چیتر كەسوكاری ئەنفالكراوەكان لەیاد نەكات، هەروەها نیگەرانین لە یادنەكردنەوەی ئەو رۆژە و كەمتەرخەمی بەرپرسان لە ئاست كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و بڕینی مووچەكانیان".
بەهێ محەمەد، ژنێكی بەتەمەنی كەسوكاری ئەنفالە و بە گوتەی خۆی زۆربەی كەسوكارەكەی ئەنفالكراوە، ئەو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە ساڵێكدا تەنها یەك رۆژمان هەیە كە تێیدا یادی كەسوكارەكانمان دەكەینەوە، دەبوو ئەوان لەگەڵمان بونایە و پێكەوە لەم بارانەدا ئەو یادەمان بكردایەتەوە و بەرژەوەندی خۆیان بخستایەتە لاوە".
دوێنێ قائیمقامی چەمچەماڵ ئامانج محەمەد لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ رێكخراو و چالاكوانانی بوارەكە رایگەیاند بەهۆی ناڕەزایی و نیگەرانی كەسوكاری ئەنفالكراوان دژی دواكەوتنی مووچەكانیان بڕیاریانداوە بە ئەنجام نەدانی هیچ چالاكییەك بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە.
لەلایەكی ترەوەو ئەمڕۆ لە شارو شارۆچكەكانی تری كوردستان بەبۆنەی یادی 28 هەمین ساڵیادی ئەنفالەوە چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.
كارەساتی ئەنفال لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵانی نێوان 1986 تا ساڵی 1988 بە چەند قۆناغێك و لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ناوچەی گەمیان ئەنجام درا و 182 هەزار كەس لە پیر و گەنج و منداڵ بەناوی ئەنفالەوە بێسەروشوێن كران، كە تائێستاش زۆرینەیان هیچ ئاسەوارێكیان دیار نییە.