Hawkar Yaseen
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2020
هەولێر AA
بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕیاری خەرجکردنی چوار ملیار دینار درا بۆ چارەسەرکردنی کیشە و گرفتەکانی بەردەم دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی و چەمچەماڵ.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند "ماوەیەکی زۆرە کێشەی کەم ئاوی لە هەردوو شاری سلێمانی و چەمچەماڵ هەیە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، چوار ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە خەرج بکرێت".
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی و چەمچەماڵ ئاوی دەریاچەی دوکان-ە، بە دووهێڵ لەو دەریاچەیەوە ئاو گەیەندراوەتە ناو سلێمانی و چەمچەماڵ، بەڵام بەهۆی کۆنی بۆری هێڵەکان و ناوبەناو شکانیان و لەکارکەوتنی بەشێکی زۆر لە تۆڕباینەکانی راکێشانی ئاو، چەند جارێک بەتایبەت لەمساڵدا کێشەی کەم ئاوی لەو دوو شارە دروست بوو، پێشتریش پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندبوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە هەردوو سەرچاوەی دوکان و سەرچنار پێویستییان بە تەرخانکردنی بوودجەیەکی تایبەت هەیە و داواکاریەکەشیان ناردووە بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.