Rewa Mahmood Hasan
12 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
چەمچەماڵ-AA
هێزەکانی ئاسایش لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دوێنێ لە بازگەی بانی مەقان، ژنە بازرگانێک و بەکارهێنەرێکی ماددەی هۆشبەریان بە ١٢٢ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵەوە دەستگیر کرد.
لە راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانیدا هاتووە کە ئەو تۆمەتبارانە لە بەغداوە ئەو ماددە هۆشبەرەیان هێناوە و بەنیازبوون بیبەن بۆ سلێمانی.
تۆمەتباران بەڕەگەز عەرەبن و نیشتەجێی شاری سلێمانی-ن.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەی ئاسایشی رۆژئاوادا هاتووە ''هەرلە هەڵمەتی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوادا بۆ دەستگیرکردن و رێگریکردن لەبەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لەماوەی ٢٠ رۆژدا، چوار کەسی دیکە دەستگیرکراون کە یەکێکیان بازرگانە و سێ کەسەکەی دیکەش بەکارهێنەرن و لەنێویاندا یەکێکیان بەڕەگەز سووری و ئەوانی دیکەش کوردن و دانیشتوی سنوورەکەن".
لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی ١٤ی هۆشبەر راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ دروستکراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسێکانیان بەردەوامە.