Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند كە سێ تیرۆریست لە پارێزگای نەینەوا باكووری عێراق دەستگیركراون.
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی نەینەوا لە وەزارەتی ناوخۆ، سێ تیرۆریستیان لە ژمارەیەك ناوچەی پارێزگای نەینەوا دەستگیركردووە كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بەتۆمەتی ئەندامبوون لە داعش، داواكراون.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئەو سێ تیرۆریستەی كە دەستگیركراون چەكداربوون لە بەناو ویلایەتی نەینەوا سەربە داعش و ئاماژە بەوەیشدراوە كە لە میانی لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا، ئەو دەستگیركراوانە دانیان بەوەداناوە كە ئەندامی رێكخراوی تیرۆریستیی داعشن و بەشدارییان لە چەندین كردەی تیرۆریستی دژبە هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتییان كردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دەستگیركراوەکان دوای وەرگرتنی گوتەكانیان، بەمەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان، رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراون.