Hakan Çopur, Rabia İclal Turan
24 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2026
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە فڕۆکەخانە پێشوازی لە سەرۆکی چین، شی جین پینگ کرد کە بە سەردانێکی فەڕمی سێ ڕۆژە گەیشتە واشنتۆن.
لەو ڕێوڕەسمە سەربازییەی لە فڕۆکەخانەی بنکەی جۆینت ئاندرۆس لە نزیک واشنتۆن بەڕێوەچوو، سهرۆكی ئهمریكا ترەمپ فهڕشێكی سووری ٣٠ مەتر بۆ شی ڕاخست و بە شێوازێک کە سەرۆکەکانی ئەمریکا کەمتر دەیکەن، خۆی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانە پێشوازی لە سەرۆکی دەوڵەتێکی بیانی کرد.
لەگەڵ سروودی نیشتمانیی هەردوو وڵات و تەقاندنی تۆپ، ترەمپ و شی لە کۆتایی فهڕشه سوورەکە شانبەشانی یەک وەستان و، ئاڵاکانی ئەمریکا و چین لە پشتیانەوە دەشەکایەوە.
هاوكات دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی جۆری B-1 بەسەر ئاسمانی فڕۆکەخانەکەدا فڕین.
دوای ڕێوڕەسمەکە، سهرۆكی ئهمریكا ترهمپ گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی و بەو ڕۆژنامەنووسانەی چاوەڕوانیان دەکرد ڕاگهیاند پرۆژەی دروستکردنی هۆڵی ئاهەنگەکانی کۆشکی سپی لە پێش وادەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت و، هیوای خواست هۆڵەکە بۆ ئێوارەخوانە فەڕمییەکەی ڕۆژی پێنج شەممە بۆ شی ئامادە بکرێت.
له وهڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا لە سەردانەکەی شیدا پرسی ئێران تاوتوێ دەکات یان نا، ترهمپ ڕایگهیاند: "ئەم بابەتە و چەندین بابەتی دیکە تاوتوێ دەکەم، بەڵام هەموو شتێک بەو پرسەشەوە بە باشی بەڕێوەدەچێت".
سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی ئەیلوول، بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکی چین، شی و هاوسەرەکەی، پینگ لییوان دەکات. پاش دیدارەکان ترەمپ خوانێکی ئێواره بۆ ڕێزلێنان لە شی ساز دەکات.
چاوەڕوان دەکرێت هەردوو سەرکردەکە ڕۆژی هەینی جارێکی دیكه لە کۆشکی سپی کۆببنەوە.
بەپێی زانیاریی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی، چاوەڕوان دەکرێت سەرکردە دیارەکانی جیهانی بازرگانیی ئەمریکا وەک جێف بیزۆس و ئیلۆن مەسک و سەندار پیچای و مایکڵ دێڵ و جینسن هوانگ و سام ئاڵتمان و جەین فرەیزەر و تیم کوک بەشداری لە ئێوارەخوانە فەڕمییەکەی ڕۆژی پێنج شەممەدا بکەن.
سەردانەکەی شی، یەکەمین سەردانی فەڕمی ناوبراو دەبێت بۆ واشنتۆن لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە.