Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، رەمەك رەمەزان لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی ئازادی لە چەمچەماڵ بە هۆی هیتەری كارەبا و كەوتنەوەی شۆڕت ودروستبوونی ئاگرەوە لەناو ماڵەكەدا، حەوت ئەندامی خێزانەكە كە ئاوارەی عەرەبن و ماوەی چەند ساڵێكە نیشتەجێی شارەكەن گیانیان لەدەستداوە".
ئەو گوتی: "هیتەرەكە لەناو ماڵەكە و لەسەر قەنەفەیەكی دانیشتن لە هۆڵەكەدا بە ئیشپێكراوی دانراوە، ئەندامانی خێزانەكەش لە ژوورێكدا خەوتوون و بە هۆی شۆرت و گرگرتنی قەنەفەكە و ماڵەكەوە سەرجەم ئەندامانی خێزانەكە كە لە دایك و باوك و سێ كچ و كوڕێك و دایكی پیاوەكە گیانیان لەدەستداوە".
بەرپرسی ئیداری شارەكە ئەوەشی گوت، ئەو خێزانە بە رەگەز عەرەبن و خەڵكی پارێزگای بابل خوارووی بەغدان و لە ساڵی 2004 ەوە ئاوارەی چەمچەماڵ بوون و نیشتەجێی شارەكە بوون.
بەگوتەی قایمقامی چەمچەماڵ روداوەكە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە بەردەوامی هەیە، ئێستا تەرمەكانیان رەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی كراون و دواتر دەهێنرێنەوە چەمچەماڵ و بەخاك دەسپێردرێن.
تەنها لە میانی ئەم هەفتەیەدا چەند رووداوێكی تری ئاگركەوتنەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هۆی شۆرتی كارەباوە روویانداوە و قوربانییان لێكەوتووەتەوە.