Kosar OSMAN
13 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2016
بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەفکان ئالا و وەزیری تەندروستی مەهمەت موەزین ئۆغڵو، جیگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی ئیستانبوڵ قسەی کرد.
کورتوڵموش رایگەیاند باری تەندروستیی برینداران لەوپەڕی باشیدایە و لەم 1-2 رۆژەدا دەنێردرێنەوە ماڵەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەبارەی بریندارێکی ئەڵمانی گوتی کە لە چاودێریی چڕدایە و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
کورتوڵموش هیوای خواست برینداران بە زووترین کات چاکببنەوە و بەمشێوەیە درێژەی بە گوتەکانی دا: "لە رووداوەکەی ئەمڕۆ دا 10 سڤیل بوونە قوربانی. بە خۆکوژەکەیشەوە، ئێستا 11 تەرم لە نەخۆشخانەدان و لیکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانیان دەکرێت".
لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە پەیامنێران لەبارەی بوونی ئامادەکاریی دیکە بۆ خۆکوژی کورتوڵموش گوتی: "بێگومان بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم هەواڵانە هەن. ئەو رۆژە لە ئەنقەرە دوای چاودێری لە چەند شوێنێکی گوماناوی هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا و توانیان چەند خۆکوژێک بە تەواوی کەلوپەلی تەقاندنەوەوە، دەستبەسەر بکەن. بە شێوەیەک دەستبەسەر کرا کە نەیتوانی کردە تیرۆرستییەکەی پیلانی بۆ دانرابوو ئەنجامی بدات".
کورتوڵموش هەروەها رایگەیاند کە هیچ خاڵێکی لاوازی هێزی ئاسایش نەبۆتە جێی باس و تەنانەت 5-10 خولەک بەر لە تەقینەوەکە پشکنین لەلایەن ئاسایشەوە ئەنجامدراوە.