ئیستانبوڵ
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لە پارێزگای ئیستانبوڵ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەونووسانی دایەوە.
ئەحمەد
داودئۆغڵو لەبارەی ھێرشە تیرۆریستیەکەی بەردەم مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە
ئیستانبوڵ گوتی: "بەداخەوە ١٠ میوانی بیانیمان لەدەستدا. ھاوکات ١٥
بریندارمان ھەیە. ئێستا شەش نەخۆش لە نەخۆشخانەکانمان چارەسەر وەردەگرن و
ئەوانی دیکەش لە نەخۆشخانە ھاتوونەتە دەرەوە، لە پاڵ ئەمەش گشت
چارەسەرییەکان بۆ شەش بریندارەکەی دیکە بەردەوامە".
داودئۆغڵو
لەبارەی ھەڕەشەی تیرۆر گوتی: "ئێستا تیرۆر بێجگە لە شار و وڵاتان ھەڕەشەی
بۆ سەر گشت مرۆڤایەتی لە ھەموو شوێنێکی جیھان ھەیە. ئەمەش بابەتێکە کە گشت
شارە گەورەکانی رووبەڕووی دڵە راوکێ کردووە. ھاوکات ھێرشە تیرۆریستییەکانی
پاریس، لەندەن، نیویۆرک، مەدرید پیشانی ئەوەی دا کە تیرۆر ھەڕەشەیەکە بۆ
گشت مرۆڤایەتی".
داودئۆغڵو ئاشکرای کرد کە ھێرشەکە دەستی
رێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە و لەمبارەیەوەش زیاتر گوتی: "پەیوەندی
ھێرشبەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە دەستنیشان کرا. رێکخراوی تیرۆریستی
داعش رێکخراوێکە دەتوانێت بە رێگەی لقەکانییەوەکارە تیرۆریستییەکانی ئەنجام
بدات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند کە بە گومانی
تێوەگڵان بە ھێرشەکە ھێزەکانی ئەمنی تورکیا چوار کەسیان دەستگیر کردووە و
لەو بارەیەوە گوتی: "ناسنامەی ھێرشبەرەکە دیاری کرا و بڵاو کرایەوە. دوای
دیاریکردنی ناسنامەی ھێرشبەرەکە ئەمڕۆ چوار کەسی دیکە دەستبەسەر کران.
کەمێک لەوەپێشیش زانیارییم لەبارەی ھاتنی ھێرشبەرەکە بۆ تورکیا وەرگرت، گشت
پەیوەندییەکان و کەسانی پشت رووداوەکە، دەردەکەوێت کە ئەم بابەتە لە
دەرەوەی ئەو ئامانجەیە کە دەبینرێت و گەیشتوویەنە ئەو خاڵەی کە وا لە پشت
ئەو رووداوەدا ھەندێک رۆڵگێڕی کاریگەر ھەیە".
ئەحمەد
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئیستانبوڵ یەکێکە لە ئارامترین شارەکانی
جیھان و بۆ ئەمەش ھەنگاوی زیاتر دەھاوێژن. داودئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارەکانی
رۆژنامەنووسان گوتیشی: " بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسوودەیی و ئاسایشی
زیاتر لە شاری ئیستانبوڵ گشت ھەنگاوەکانمان لەگەڵ یەکینەکانی ئاسایش تاوتوێ
کردووە. ئەرکی ھەموومان کە لە بەرەنگاری بەرامبەر ھەڕەشەی تیرۆر و ھێرشی
بەم جۆرە و ھەروەھا قاچاخچیەتی بە ماددەی ھۆشبەر، تاوانەکانی دیکە، شاری
ئیستانبوڵ بکەینە یەکێک لە ھەرە ئارامترین شارەکانی جیھان"..
سەرۆکوەزیرانی
تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی ناسنامەی ھێرشبەرەکە رایگەیاند: "ئەم
کەسە لە ژێر چاودێری نەبووە. ھەروەکو کەسێکی ئاسایی، پەنابەرێکی ئاسایی
ھاتووەتە تورکیا. ھاوکات لەدوای ئەم ھێرشەش گشت پەیوەندییەکانی ئەو کەسە
دەستنیشان دەکرێت و گومانمان ھەیە لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەشێک لە
لق و پۆپەکانی ئەم رێکخراوە".
داودئۆغڵو راشیگەیاند کە
بەمەبەستی سەلامەتی گەلی تورکیا، ھاوکات شاری ئیستانبوڵ، چ ھەنگاوێک پێویست
بێت لەچوارچێوەی یاساکانی دیموکراتی دەھاوێژن.
سەرۆکوەزیرانی
تورکیا گوتیشی: "ھەروەک وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا مایزیر ئاماژەی پێدا، گشت
دۆستانی ئەڵمانیا، دۆستانی ئەورووپا، دۆستانی مرۆڤایەتی داوەتی ئیستانبوڵ
دەکەین. ستایشی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەکەم سەبارەت بە روونکردنەوەکانی.
تورکیا ئارامە و ئیستانبوڵیش ئارامە، ئینشەڵا لە مانگەکان و ساڵانی داھاتوو
بەردەوام دەبین لە مێوانداریکردنی ملیۆنەھا و ملیارەھا مێوان".
داودئۆغڵو
راشیگەیاند کە تورکیا لەکاتی پێویست وەڵامی ئەو ھێرشانە دەداتەوە کە
دەکرێتە سەری. لەمبارەیەوە گوتی: "بەشێویەکی ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەم،
ئێمە وەڵامی ھەر ھێرشێک لە کاتی گونجاو و پێویست دەدەینەوە. ھاوکات چاوەرێی
ئەوە دەکەین کە ھەموو لایەک ھەڵوێستی دڵسۆزانەیان لەمبارەیەوە ھەبێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش
گوتی: "سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی تورکیا، چەند وڵاتێک
رێگرن. یان ئەوەیە خۆیان داعش لەناو ببەن و یاخود واز بێنن ئێمە لەناوی
بەرین، بەڵام لە ژێر ناوی "بەرەنگاری داعش دەبمەوە" سزای خەڵکی سڤیل و
ئۆپۆزسیۆن دەدەن، بۆیە کەس بیر لە شوێنێک بۆ داعش نەکات. لێرەوە دەمەوێت
زانیارییەکی ھەواڵگری بڵاو بکەمەوە. بۆیە گشت پەیوەندییەکان ئاشکرا دەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییەی دوێنێ پێمان گەیشت، ھەندێک لە ئەندامانی داعش بە
پشتگیری رژێم گەیشتوونەتە نزیک سنووری سووریا، ھەروەک دەزانن کە لەم
رۆژانەی دواییدا لە ھەندێک ناوچەدا ئۆپۆزسیۆنی میانڕۆ ئۆپەراسیۆنی دەستی
پێکردووە کە بەھۆیەوە ھەندێک ناوچە لە داعش رزگار کراوە. لە پاڵ ئەمەدا
رژێم لە نزیک باشووری دیمەشق لەگەڵ ئەندامانی داعش رێککەوت و بە پاسێکی
رژێم ھەندێک ئەندامانی داعش بۆ باکووری سووریا گوازرایەوە. ئەمڕۆ لە سووریا
ھەماھەنگییەکی زۆر قێزەون دەبینین