Alper Atalay
07 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئیسماعیل کاھرامان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی سەردانی سوپاسالاری ئەمریکا، جۆزێف دونفۆرد بۆ تورکیا، داودئۆغڵو رایگەیاند کە پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا پەیوەندی نێوان ستراتێژی دوو ھاوپەیمانە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "ئێمە بەردەوام جەختی لەسەر دەکەینەوە کە لە نێو لێواری ئاگرین. لە لایەکەوە پارێزگاری لە ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دەکەین و لە لایەکی دیکەوە وەک بەشێک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەوڵ بۆ زیان نەگەیشتن بە سیستمی ھاوپەیمانی لە ناوچەکە دەدەین. ھەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئارادایە و لەوبارەیەوە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە. ھاوکات بۆ ئێمەش ھەڕەشەی پەکەکە و یەپەگە و پەیەدە ھەیە. بۆیە ئێمە جیاوازی لە نێوان ھەڕەشەکانی تیرۆر ناکەین. لە ھێڵی تورکیا، عێراق و سووریا کێشەیەکی زۆر جدی بۆ ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ئارادایە. بۆیە لەوبارەیەوە پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێز ئۆباما و جۆ بایدن ھەیە. ھاوکات لە نێوان دەزگاکانمان بە تایبەتی بەرپرسانی سەربازیی راوێژکاری چڕ ھەیە. تیشک دەخەمە سەر ئەوە کە دوێنێ وەزیری بەرگری فەڕەنسا لێرە بوو. وەزیرانی بەرگری بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەکتر. چونکە ئیتر قەیرانی سووریا لە قەیرانی وڵاتێک دەرچووە. ئێستا بۆ قەیرانی ناوچەیی گۆڕاوە. تەقینەوەی پاریس و ئەنقەرە کاریگەری لەسەر وڵاتان دروست کردووە. بۆیە سەبارەت بەو پرسە بەردەوام لە گفتوگۆداین".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە سوپاسالاری ئەمریکا سەردانی کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا تیشکیان خستووەتە چەند خاڵێکی گرنگ و لەو بارەیەوە گوتی: "یەکەمیان ھەڵوێستی ھاوبەشمان دژی ھەڕەشەی رێکخراوانی تیرۆریستی ھەیە بەرامبەر بە تورکیا، ناوچەکە و ئاشتی جیھان. لەوبارەیەوە ھیچ بۆچوونێکی جیاواز لە ئارادا نییە. دووەمیان لە سووریا و عێراق بە تایبەتی کۆنترۆڵی ناوەندی لاواز بووە کە بەھۆیەوە بۆشایی دروست بووە و بەمەش چالاکی ھێزەکانی بیانی بە تایبەتی رووسیا زیادی کردووە کە ھەڕەشەی ئاسایش ھاتووەتە ئاراوە. ئەو بابەتانەشمان تاوتوێ کرد. پێشتر لەسەر ھەندێک خاڵ رێککەوتین و دوای مشتومڕی ھەردوو سوپاسالار زانیارییان لەبارەی ئەنجامەکانی پێشکەش کرد. ئێمەش بۆچوونی خۆمان خستەڕوو. بەڕێز ئۆباما و ئیدارەی ئەمریکا لەوبارەیەوە بۆچوونیان ھەیە کە لە زۆربەی کۆبوونەوەکان باسی دەکەین. بەڕێز سەرکۆمار و منیش تاوتوێی ئەم بابەتانە دەکەین. بەرپرسانی سەربازیی لە ھەموو ھەڵومەرجێکدا بە فراوانی ھەڵسەنگاندنیان کردووە بە تایبەتی لە بابەتی قۆناغی راگوزەری سیاسی لە سووریا. ھاوکات ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەبارەی بۆردوودمانەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و بەرەنگاربوونەوەی رووسیا و گرووپەکانی دیکە کرد".