Muhammet Ali Kemal
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند "چەند چەكدارێكی داعش چوونە نێو مووسڵەوە، بەڵام ئەوانەی كە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت ٧٢ هەزار سەربازی عێراقی بوون. ئەگەر هێزێكی ئۆپەراسیۆنی ئەوتۆیان هەیە، با داعش لە مووسڵ دەركەن. پێم وانییە بەڕێز عەبادی یان تەنانەت بەڕێز جەعفەری لە زانیارییەوە ئەمەیان ئەنجام دابێت. بەڵام ئەوەی فشار دەخاتە سەر ئەوان ژمارەیەك ناوەند و ژمارەیەك لە وڵاتانی سێیەمن كە ئەمە بژاردەكەیانە، دەیانەوێت گرژییەكانی نێوان عێراق و توركیا هەڵكشێنن. پێویستە هەموو پیاوێكی عاقڵ و پێگەیشتووی دەوڵەت لە عێراق و توركیا ئەوە ببینێت كە توركیا و عێراق دوو وڵاتن زۆرترین پێویستیان بە بەرژەوەندی و سەقامگیری یەكتری هەیە. هیچ كاتێك چالاكییەكمان ئەنجام نەداوە كە زیان بە عێراق بگەیەنێت، بەڵام لە خاكی عێراقەوە چالاكی ئەنجامدراوە كە زیانی بە ئێمە گەیاندووە".
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی ئێن تی ڤی دا روونكردنەوەی سەبارەت بە بابەتەكانی رۆژەڤدا و وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی كە لە كەمپی باشیكی نزیك مووسڵ ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا بوونیان هەیە، داودئۆغڵو رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەی كردوووە و باسی گەلێك بابەتیان كردووە لەنێو ئەوانەشدا بابەتی كەمپی باشیك".
سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند: "گرنگترین هۆكار و تاكە هۆكاری بوونی هێزی سەربازی توركیا لە باشیك بوونی داعشە لە عێراق و ئەوەی لێرەدا بە هەڵە لێكدراوەتەوە ئەوەیە كە لەدوای رۆیشتنی راهێنەرانی سەربازیمان، ناردنی یەكەیەكی ئامادە بووە بەمەبەستی پاراستنی ئەوان. ئەمەم بە بەڕێز عەبادیش گوتووە، كە ئەوان دژی سەروەری خاكی عێراق لەوێ نین. ئێمە لە هەر وڵاتێكی دیكە زیاتر رێز لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەگرین".
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد كە سەبارەت بە یەكپارچەیی خاكی عێراق بەهیچ شێوەیەك هیچ دوودڵییەكیان نییە و هەركاتێك هێزەكانی حكوومەتی ناوەند هاتن هەتاوەكو مووسڵ و ئەو ناوچەیەیان لە داعش پاك كردەوە ئەوكاتە سەربازەكانی سوپای توركیاش دەكشێنەوە.
ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند كە حكوومەتی ناوەندی عێراق نەیتوانیوە ئەم سەروەرییەی لە نزیكەی سێیەكی ناوچەكانی خاكی وڵاتەكەیدا بەكاربهێنێت و گوتی: "لەنێو ئەو ناوچانەدا ئەو شوێنانە هەن كە كەمپەكانی پەكەكەیان لێیە. خۆزگە عێراق بیتوانییایە ئەوێش بپارێزێت و ئێمە ناچارنەبین هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدەین و لەوێوە تیرۆریست دزە نەكاتە نێو توركیاوە. داعش چ لە سنووری سووریا و چ لە سنووری عێراق راڕەوێكی درووست كردووە. سنووری عێراق- سووریا بە كردەیی بوونی نییە. هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە سوورین لەسەر درێژەدان بەم بەرەنگارییە. بەڵام ئەمە بەشێك نییە لە هیچ بابەتێكی نهێنی رۆژەڤ''.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە گوتەكانی وەزیری دەرەوەی عێراق جەعفەری كە رایگەیاندبوو ''ئەگەر بێت و سەربازانی سوپای توركیا نەكشێنەوە، ئەوا هیچ رێگەچارەیەكمان بۆ ناهێڵنەوە جگە لە رێگەچارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی''، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە كرد جەعفەری ئەوەندە سیاسەت دەزانێت و ئەوەندە رۆشنبیرە كە روونكردنەوەی لەوجۆرە بڵاونەكاتەوە.
- ''ئەوانەی كە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت ٧٢ هەزار سەربازی عێراقی بوون''
سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە ئەو هێزەی كە سوپای عێراق هەیەتی لەبەرامبەر سوپای توركیادا بەكاری نەهێنن، بەڵكو ئەو هێزە نیشانی داعش بدەن و گوتی: "چەند چەكدارێكی داعش چوونە نێو مووسڵەوە، بەڵام ئەوانەی كە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت ٧٢ هەزار سەربازی عێراقی بوون. ئەگەر هێزێكی ئۆپەراسیۆنی ئەوتۆیان هەیە، با داعش لە مووسڵ دەركەن. پێم وانییە بەڕێز عەبادی یان تەنانەت بەڕێز جەعفەری لە زانیارییەوە ئەمەیان ئەنجام دابێت. بەڵام ئەوەی فشار دەخاتە سەر ئەوان ژمارەیەك ناوەند و ژمارەیەك لە وڵاتانی سێیەمن كە ئەمە بژاردەكەیانە، دەیانەوێت گرژییەكانی نێوان عێراق و توركیا هەڵكشێنن. پێویستە هەموو پیاوێكی عاقڵ و پێگەیشتووی دەوڵەت لە عێراق و توركیا ئەوە ببینێت كە توركیا و عێراق دوو وڵاتن زۆرترین پێویستیان بە بەرژەوەندی و سەقامگیری یەكتری هەیە. هیچ كاتێك چالاكییەكمان ئەنجام نەداوە كە زیان بە عێراق بگەیەنێت، بەڵام لە خاكی عێراقەوە چالاكی ئەنجامدراوە كە زیانی بە ئێمە گەیاندووە".