Muhammet Ali Kemal
31 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
بەهۆی بارینی بەفر و جۆرەكانی دیكەی دابارین لە خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو، رێگەی گەیشتن بە ٨٩٢ شوێنی نیشتەجێبوون گیراوە كە ٢٨٠یان لە وان، ٣٦٠یان لە مووش و ٢٥٢یان لە بەدلیس.
لە كاتێكدا ناوەندی شاری وان بەهۆی ئەو بەفرەوە كە لەشەوەو دەبارێت، بەتەواوەتی سپی بووە، ئەوە راگەیەنرا كە لەدوای ئەو بەفرەوە كە باریوە رێگەی گەیشتن بە ٢٨٠ گەڕەك گیراوە.
هاوكات لە شارۆچكەی ئەرجیش، دامەزراوەی تەندروستی گشتی لە شارۆچكەكە كۆبوویەوە و رایگەیاند كە بەهۆی بارینی بەفر بە شێوەیەكی چڕ لە تەواوی شارۆچكەكەدا خوێندنگەكان دەكرێنە پشوو.
بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی لە ناوچەكە ئاماژە بەوەدەكەن كە بارینی بەفر تاوەكو رۆژی شەممەی داهاتوو بەپچڕ پچڕی بەردەوام دەبێت و ئەوەشیان راگەیاندووە كە پلەكانی گەرما بۆ ١٦ پلە لەژێر سفرەوە دادەبەزن.
لە مووش بەهۆی بارینی بەفرەوە لە دوو رۆژی رابردوودا بەشێوەیەكی بەردەوام، زانكۆ و خوێندنگەكانی ناوەندی شارەكە رۆژێك پشوویان وەرگرت.
ئاماژە بەوەشدەكرێت كە لە پارێزگای مووش بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگەی چوون بۆ ٣٦٠ گوند گیراوە و تیمەكانی پاككردنەوەی رێگاوبان كە خۆیان لە ٤٥ تیم و ١٠٠ كارمەنددا دەبیننەوە، دەستیان بەكارەكانیان كردووە.
لە بەدلیس بەهۆی بارینی بەفر، رێگەی چوون بۆ ٢٥٢ گەند گیرا. لە ناوەندی پارێزگاكە و لە سێ شارۆچكەش دەوامی خوێندگەكان كرایە پشوو.
لە هەكاریش بەفر بارین بەردەوام بوو بەڵام ئەوە راگەیەنرا كە رێگەی هیچ گوندێك نەگیراوە. لە ناوەندی شارەكەش دووكاندارەكان بەفرەكانی بەردەم دووكانەكانیان راماڵی.