Zana Natık Kerem
23 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
وەزیری بەرگریی ئەمریكا، مارك ئێسپەر كە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا رایگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت شەراكەتی دووقۆڵی لەگەڵ عێراقدا بەهێزتر بكات و ئاماژەی بەوەش دەكات كە ئەم سەردانەشی بۆ بەغدا هەر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامیداوە.
مارك ئێسپەر لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شممەری كۆبوویەوە و دواتر بە هاوبەشی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ساز كرد.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا، مارك ئێسپەر باسی لە ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغدا كرد گوتی: "خۆشحاڵین كە لەگەڵ ئێوەداین، بوونم ئەمڕۆ لێرە، پشتیوانیكردنی تەواومانە لە عێراق".
مارك ئێسپەر گوتیشی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان سەروەریی عێراقی لەبەرچاو گرتووە و دەوێت شەراكەتی دووقۆڵی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەهێزتر بكات بە تایبەتیش لە بواری دیموكراتی و مافەكانی مرۆڤدا".
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شممەری رایگەیاند كە هاوكارییە هاوبەشكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لە بوارەكانی ئەمنی و ئابووریدا، بەردەوامە.
نەجاح شممەری گوتیشی: "ئامانج لە رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژبە تیرۆر، چەسپاندنی ئاشتییە لە عێراق و ناوچەكە".
وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شممەری هەروەها گوتی: "هێزەكانی ئەمریكا رۆڵێكی گرنگیان گیراوە لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق".
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری بەرگریی ئەمریكا، مارك ئێسپەر گەیشتە شاری بەغدا.
چاوەڕوان دەكرێت مارك ئێسپەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا بە مەبەستی تاوتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانیان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ عێراق، لەگەڵ سەرۆكوەزران، عادل عەبدولمەهدی كۆببێتەوە.
ئەم سەردانەی مارك ئێسپەر بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت كە دوو رۆژ لەمەوبەر هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كشانەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدرالدا، گەیشتنە عێراق.
دوێنێ وەزارەتی بەرگریی عێراق رەتیكردبوویەوە كە هیچ رامەزاندەیەك نیشاندرابێت سەبارەت بەو هێزەكانی ئەمریكا كە لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریاوە كشاونەتەوە لە عێراق بمێننەوە.
دوای بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی دووشەممەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر هێزی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریاوە كشانەوە و گەیشتنە عێراق.