Zana Natık Kerem
23 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
وەزیری بەرگریی ئەمریكا، مارك ئێسپەر گەیشتە شاری بەغدا.
سەرچاوەیەكی دیپلۆماتكار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە چاوەڕەوان دەكرێت مارك ئێسپەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا بە جیا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق، نەجاح شەممەری و سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهدی كۆببێتەوە.
سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە وەزیری بەرگریی ئەمریكا، مارك ئێسپەر لە میانی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا پرسی كشانەوەی هێزەكانیان لە سووریاوە بۆ عێراق لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدرال تاوتوێ دەكات.
ئەم سەردانەی مارك ئێسپەر بۆ بەغدا دوای ئەوە دێت كە دوو رۆژ لەمەوبەر هێزەكانی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كشانەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدرالدا، گەیشتنە عێراق.
دوێنێ وەزارەتی بەرگریی عێراق رەتیكردبوویەوە كە هیچ رامەزاندەیەك نیشاندرابێت سەبارەت بەو هێزەکانی ئەمریكا كە لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریاوە كشاونەتەوە لە عێراق بمێننەوە.
دوای بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا، رۆژی دووشەممەی رابردوو ژمارەیەكی زۆر هێزی ئەمریكا لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریاوە كشانەوە و گەیشتنە عێراق.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، مارك ئێسپەر رایگەیاندبوو، هەزار سەربازی وڵاتەكەی كە لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كشاونەتەوە دەگوازرێنەوە رۆژئاوای عێراق.
مارك ئێسپەر ئاماژەی بەوەشكردبوو كە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا دوای كشانەوەیان لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا تایبەت دەبێت بە پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ بەرگرییكردن لە عێراق و شەڕی دژبە داعش.