Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
لە رۆژی ١٢ی مانگی رەبیعولئەوەل و بۆ پێشوازی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد ( د.خ) لە شاری سلێمانی بە گەرمی ئەو یادە دەكرێتەوە و لە مزگەوت و بازاڕ و هۆڵەكان بە سازكردنی ئاهەنگ و خوێندنەوەی گوتار و سروود و پەخشان و بەخشینەوەی شیرینی موسڵمانان یادەكە بەرز رادەگرن.
ئەمڕۆ لە مزگەوتەكانی شارەكە بەتایبەت هەردوو مزگەوتی گەورەی سلێمانی و مزگەوتی خانەقا كە دوو مزگەوتی مێژوویی شارەكەن و دەكەونە ناو بازاڕی سلێمانی، ئاهەنگی تایبەت بە بۆنەی یادی مەولود سازكرا و بە بەخشینەوەی شیرینی و پێشكەشكردنی گوتار و سروود و پەخشان هێندەی تر یادەكەیان گەرموگوڕتر كرد.
جگە لەوەش زۆربەی دوكاندارەكان بە هەڵواسینی دروشم و بەخشینەوەی شیرینی ئەو یادە بەرز رادەگرن و بەشێك لە خاوەن خواردنگەكانیش لەم رۆژەدا خواردن بە خۆڕایی دەدەنە ئەو كەسانەی سەردانیان دەكەن.
پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی خانەقای سلێمانی، عومەر حسێن جومعە لە بارەی مێژووی یادەكەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مێژووی مەولود دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر خۆی (د.خ) كاتێك كە پرسیاری لێكرا كە بۆچی رۆژی دووشەممان بەرۆژو دەبیت، فەرموی ئەوە رۆژێكە تیایدا لەدایكبووم و تیایدا قورئانم بۆ هاتووە، بۆیە حەرزەت و یارانی لە رۆژانی دووشەممان لەسەر سوننەتی ئەو بەرۆژو بوون".
ئەو گوتی: "مەولود لە پاش سەردەمی پێغەمبەر بەشێوەی ئاهەنگگێڕان و ئەو شێوازەی ئێستا نەبووە تا سەدەی چوارهەم كە لەسەر دەستی سوڵتان موزەفەر لە شاری هەولێر ئاهەنگی زۆر گەورەی بەو بۆنەیەوە سازكردووە و زانایانی بانگهێشت كردووە و هەژاران و نەدارانیش لەسەر سفرەكەی كۆبوونەوتەوە و نانیان خواردووە، دواتر بۆ سێ سەدەش كەس رەخنەی لەو كارەی سوڵتان موزەفەر نەگرتووە و لە سەدەی حەوتەم نەیارانی پەیدابوون بەناوی ئەوەی بیدعەیە و دروست نییە".
ئەو مامۆستا ئاینییە ئاماژەی كرد بەوەی، بەڵگەی زۆر هەیە لە قورئان و فەرموودەی زانایان لەسەر دروستی مەولود، كوردیش وەك گەلێكی موسڵمان ماوەی سەدان ساڵە ئەو یادە دەكاتەوە و ئەمڕۆژە زیندوو دەكاتەوە.
ساڵانە لە رۆژی ١٢ی مانگی رەبیعولئەوەل و لە پێشوازی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد(د. خ) لەسەرتاسەری جیهانی ئیسلامی، رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود و رێوڕەسمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاهەنگی خۆشی بەڕێوەدەچێت لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانیشەوە ئەو رۆژە دەكرێتە پشووی فەرمیی.