hemn husain
13 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2016
لە ئۆفیسی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان و بە هەماهەنگی رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان یادی 28 ساڵەی تاوانەكانی ئەنفال كرایەوە كە تێیدا كۆمەڵێك چالاكی ئەنجام دران.
لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان، گوتارێكیان تایبەت بەم یادە خوێندەوە و ئاماژەیان بە باشتركردنی بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كرد و داوایان كرد كە رەچاوی كەسوكاری ئەنفال بكرێت.
دواتر یەكێك لە رزگاربووەكانی ئەنفال كە ئەوكات منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان بووە، چیرۆكی ئەوەی گێڕایەوە كە تێیدا دایك و باوك و 5 خوشك و 3 برای لەم پڕۆسەیە بوونەتە قوربانی و بە تەنیا خۆی دەربازی بووە.
ئەو رزگاربووەی ئەنفال ناوی مەریوان كەریم بوو لە گێڕانەوەی ئەو كارەساتەدا گوتی: "سەربازانی عێراق بەرەو گوندەكەمان هاتن و لە دواوەش جاشەكان لەپشت گوندەكەمان رێگاكانییان لێ گرتین و رێگایان نەدا بڕۆین، دواتر ئێمەیان هەموو كۆكردەوە لە پشت دیواری مزگەوتەكەی گوند كە هێشتا ئاگری سووتانی پەڕەی قورئانەكان نەكوژابوونەوە كە پێشی چەند كاتژمێرێك حكوومەتی بەعس بۆردوومانی كردبووین".
مەریوان كەریم گوتی: "لە چواردەوری مزگەوتەكە ئێمەیان لەیەكتر جیاكردەوە و بە چەند ئۆتۆمبێلێكی ئیڤای سەربازی ئێمەیان گواستەوە بۆ مەنزوومەی كۆیە و دوای مانەوەی 4 رۆژ لەو جێگایە ئیتر منداڵەكانییان بەجێهێشت و ئەوانی دیكەشیان بە هەمان ئیڤای سەربازی گواستەوە كە ئەمە دواینجار بوو دایك و باوك و خوشك و براكانم ببینم".
هاوكات سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات كە تا ئێستا هەنگاوێكی جددی نەبووە بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان و پێی وایە پرۆسەی ئەنفال بەردەوامە و دەبوو كاری زیاتری بۆ بكرێت.
سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان زەمان عەبدە لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئێمە ساڵانە بە چەند چالاكییەك بەشداری ئەو یادە دەكەین، ئەمڕۆش لەگەڵ یەكێتی پەرلەمانتاران و سەندیكای پارێزەرانی كوردستان ئەو چالاكییەمان ئەنجام دا كە كۆمەڵێك داواكاری دەخەینە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار بۆ باشتركردنی ژیان و گوازەرانی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال".
سەبارەت بە جۆری چالاكییەكانیشییان، سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان گوتی: "جگە لەوەی كە سبەی رۆژی ئەنفالە، رۆژی 18ی ئەم مانگەش لە زانكۆی جیهان چالاكییەكی دیكەمان هەیە چونكە ئێمە لەوێ شەش دۆسیەمان ئەرشیف كردووە بۆ ئەوەی قوتابییانی ئەو زانكۆیە بتوانن توێژینەوەی یاسایی لەسەر بكەن".
زەمان عەبدە ئاماژەشی بەوە كرد كە ساڕێژبوونی ئەم برینە زۆر ئەستەمە و هەنگاوەكانی حكوومەتیش وا خێرا نەبووە كە بتوانین لە ماوەیەكی كەمدا زامەكانی ئەم كارەساتە ساڕێژببن و گوتی: "هەنگاوەكان زۆر خاوە بۆیە پێویست بوو ئێمە باشتر كار بكەین لەسەر ئەم كارەساتە و دەبوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەزگایەكی تایبەتی بەم مەسەلەیە درووست بكردایە چونكە دەبین بە درێژایی مێژوو ئەنفال هەبووە، ئەوەتا لە نزیكترین كارەساتیش، ئەنفالی ئێزدییەكان و مەسیحییەكان بوو".
سەرۆكی رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستانیش پێی وایە كە ئەو تاوانانەی كە ئێستا داعش ئەنجامی دەدات، درێژەپێدەری تاوانەكانی رژێمی بەعس بووە و گوتی: "هیچ بەربەستێك نییە لەبەردەم ئەو تاوانانەی رژێمی بەعس، سیاسەتی داعش، هەمان سیاسەتی بەعسە كە دووبارەی دەكاتەوە، جگە لەوەش زۆربەی ئەوانەی ئێستا لەناو گرووپی تیرۆریستی داعشن، كاتی خۆی ئەندامی حزبی بەعس بوونە و ئێستا هەمان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكەن".
ئەنفال پرۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی حكوومەتی بەعس بوو، ئەم پرۆسەیە لە 23ی شوباتی 1988 دەستی پێكرد كە بە 8 قۆناغ جێبەجێكرا لە 6 ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا و لە 6ی ئەیلوولی 1988 كۆتایی هات.
زیانەكانی ئەم پرۆسەیە بریتی بوو لە وێرانكردنی 4 هەزار گوند. زیاتر لە 20 شارو شارۆچكە لەسەر نەخشە سڕانەوە و بووە هۆی خاپووركردنی 3 هەزار مزگەوت و 100 كڵێسا و بەمەش نزیكەی 7 هەزار و 800 كیلۆمەتر لە خاكی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە. ناوچە گوندنشینەكان بە 15 ملیۆن مین، مینڕێژكران، زیاتر لە یەك ملیۆن و 500 هەزار گوندنشین بە شێوازێكی زۆرەملێ بۆ ئۆردوگاكان گواسترانەوە و نزیكەی سەدا 10ی خەڵكی عێراق لەناوبران و هەموو ساڵێكیش لە 14/4 یادی ئەنفال دەكرێتەوە.
لە 20ی ئایاری 2007 دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڕیاری دەستگیركردنی بۆ 433 تۆمەتباری ئەنفال دەركرد، بەڵام هەتا ئێستا هیچ كەسێك لەسەر تاوانەكانی ئەنفال لە هەرێمی كوردستان دەستگیرنەكراوە.