Hemin Hüseyin
17 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک بە رۆژی ئاڵا لە ھەرێمی کوردستان دیارییکراوە، بەم بۆنەیەوە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر چەندین چالاکی ئەنجام دەدرێت و ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت.
لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ئەم یادە بەرز راگیرا و بەدەم سروودی نیشتمانییەوە لە لایەن بنەماڵەی شەهیدێکەوە ئاڵای کوردستان لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەرزکرایەوە و پاشان وەزیری ناوخۆ، کەریم شنگالی بەناوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گوتارێکی خوێندەوە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کەریم شنگالی لە پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمدا گوتی: "بە بۆنەی رۆژی ئاڵا، بە ناوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، پیرۆزبایی گەرم لە سەرجەم ھاووڵاتییان و پێشمەرگە و بەتایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان دەکەین. ئاڵای کوردستان مێژووێکی قووڵی ھەیە، بۆ یەکەمجار پێشەوا قازی محەمەد ئەو ئاڵایەی بە فەرمیی هەڵکرد لە میانی راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرا لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر. دوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی ئەو ئاڵایەی بە ئاڵای ھەرێمی کوردستان ناساند و لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٩٩دا، رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێکی بە رۆژی ئاڵای کوردستان دانا".
کەریم شنگالی گوتیشی: "ئاڵای کوردستان بە رەنگەکانی ئاماژەیەکی روون و دەوڵەمەندە کە بریتییە لە خوێنی شەهیدان و ئاشتی و ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانیی و نوێبوونەوە و بوژانەوە، هەموو ئەو خاسیەتانەش بەشێکن لە مێژووی دانەبڕاوی خاکی کوردستان و لە پێناو پاراستن و بەرز راگرتنی ئەو ئاڵایە، سەدان هەزار رۆڵەی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە و ئەرکێکی پیرۆزە کە هەردەم ئەو ئاڵایە بەرز و شەکاوە رابگیرێت".
لە مەراسیمەکەدا کەریم شنگالی ھیوای ئەوەی خواست کە رۆژی ئاڵای کوردستان ھەمووان کۆبکاتەوە تاوەکو بە یەکگرتوویی بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەکان بوەستنەوە و رووبەڕووی قەیرانەکان ببینەوە گوتی: "لەم دەرفەتەدا دووپاتی دەکەینەوە کە تەنها دیالۆگ و گفتوگۆ تاکە چارەسەرە لە نێوان هەولێر و بەغدا. مێژوو سەلماندوویەتی بە ھێزو شەڕ ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و دەبێتە مایەی زیان و نەھامەتیی زیاتر. ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین و دەستی ئاشتی بۆ گەلانی عێراق درێژ دەکەین، ئامادەین بە ئاشتی و دیالۆگ و گفتوگۆ و دوور لە زمانی ھێز و خۆسەپاندن".
ئاڵای کوردستان لە چوار رەنگ سوور، سپی، زەرد و سەوز پێکهاتووە، ھەر رەنگێک مانای خۆی ھەیە، رەنگی سوور ئاماژەیە بە خوێنی شەھیدان، سپی بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، سەوز ئاماژەیە بۆ سەوزایی و دیمەنەکانی کوردستان و زەردیش ئاماژەیە بۆ خۆری ئازادی .