ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەقی هەردوو پڕۆژەكە لەلایەن گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان شۆڕش حاجی لە شاری سلێمانی خوێندرایەوە.
شۆڕش حاجی لە سەرەتادا لەبارەی هۆكاری سەرەكی دروستبوونی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان دواو ئاماژەی كرد بەوەی "هۆكارەكان بەهۆی هەبوونی گەندەڵییەكی بەرفراوانە لە هەموو جومگەكانی حكومڕانی ئەم هەرێمەدا، ئاكامەكەشی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە".
حاجی هەروەها گوتی: "پێنج مانگە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان پێنەدراوەو زۆربەی هەرە زۆری پرۆژەكان وەستاون و خزمەتگوزارییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمبوونەتەوەو بازاڕی كوردستان پەكی كەوتووە، رۆڵەكانی ئەم وڵاتە لەبری كاركردن بۆ پێشخستنی نیشتمانەكەیان رێگای كۆچ و مەرگ دەگرنەبەر و بۆ رزگاربوون لەم هەلومەرجە لە دەریای ئیجەدا دەخنكێن، هەموو ئەمانە كاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و خێزانییەكانی هاووڵاتیان دروستكردووە".
گوتەبێژی گۆڕان لەبارەی پڕۆژەكەیانەوە رایگەیاند "وەك ئەرك و بەرپرسیارێتی نیشتمانیمان لەم دۆخە هەستیارەدا، بە دوو پرۆژەی ئابووری و سیاسی پێشنیاری چارەسەر دەخەینە بەردەم رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم، لە پرۆژە ئابوورییەكەدا دوو جۆر چارەسەر دەخەینەڕو كە یەكەمیان چارەسەری ئەم بارودۆخە هەنوكەییەیە بە ناوی (چارەسەری قەیرانی دارایی) و دووەمیان درێژخایەنە بە ناوی (چارەسەری قەیرانی ئابووری) ".
ئەو هەروەها گوتی: "چارەسەری قەیرانی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە سیاسییە چەقبەستووەیە بە گرتنەبەری ئەم رێوشوێنانەی خوارەوە دەكرێت:
1. دەستبەجێ گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان و دەستبەكاربوونەوە و كاراكردنی رۆڵی پەرلەمان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا.
2. گێڕانەوەی پرسە چارەنووسسازەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان بە مەبەستی تاوتوێكردنو چارەسەركردنیان:
أ. پرسی سەرۆكایەتی هەرێم: بە پشتیوانیكردن لە پرۆژە هاوبەشەكەی چوار فراكسیۆنی پەرلەمان كە سیستمی سیاسی لە كوردستاندا سیستمێكی دیموكراتی پەرلەمانی دەبێت و سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئەمەش بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە خوێندنەوەی یەكەمی لە پەرلەمان بۆ كراوەو لە ڕێگای ڕێكەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كە نوێنەری خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسیەكانیشن.
ب. پرسی دەستوور: دەستبەكاربوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان ـ عێراق لە بەر ڕۆشنایی خاڵی (ا) كە لە ساغكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەبێت دەستوور گوزارشتی تەواو لە سیستمی دیموكراتی پەرلەمانی بكات.
ت. پرسی حكوومەت: هەڵسەنگاندنی ئەدای حكوومەتی هەرێم و لێكۆڵینەوە لە قەیرانی دارایی و بڕیاردان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێم، یان گۆڕین و بچوككردنەوەو رێكخستنەوەی.
3. سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری و ڕێگرتن لە دەستوەردانی حزبی و بەرپرسە سیاسییەكان كە تێیدا ڕۆڵ و هاوسەنگی پێگەی داواكاری گشتیو دەستەی نەزاهەو دیوانی چاودێری دارایی دەستەبەر بكرێت.
4. شەراكەتی راستەقینەو هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا پەیڕەو بكرێت بەپێی هاوكێشەی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان و بەركەوتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە شێوەی ستونی و ئاسۆیی، لە ماوەی دوو مانگدا جێبەجێ بكرێت.
5. بە دامەزراوەیی كردن و نەهێشتنی شوێنەواری دوو ئیدارەیی و چاكسازی لە سەرجەم جومگەكانی دەسەڵات (سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتەكان و دامەزراوەكانی تر).
6. دەستبەجێ بڕیاری لامەركەزییەتی پارێزگاكان لە بوارەكانی كارگێڕی و داراییدا جێبەجێ بكرێت.
7. بۆ رێگرتن لە هەژمونی پاوانخوازی هەر حزب و لایەنێكی سیاسی بەسەر پایتەختی هەرێمی كوردستاندا، پێویستە پاراستن و ئاسایشی هەولێرو دامەزراوەكانی بە هێزێكی پۆلیسی نیشتیمانی بسپێردرێت.
8. ڕێفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە نەك حزبی، بۆیە پێویستە بڕیاردان لەسەر ئەم پرسەو ڕێكارە یاساییەكانی بسپێردرێت بە پەرلەمانی كوردستان و رێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی كوردستان تا كۆتایی ساڵی ٢٠١٦.
9. سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستان نەوت و غازە، ئەم دۆسیەیە ناشەفاف و گرفت ئامێزە، بۆ ئەم مەبەستەش پرۆژەیەكی گشتگیری داراییو ئابووری دەخەینەڕوو كە چارەسەری نزیك و دوورمەودای قەیرانی دارایی دەكات.
10. دەستەبەركردنی گەرەنتی تەواو لە رووی سیاسی و یاساییەوە بۆ دووبارەنەبوونەوەی تێكدانی دۆخی سیاسیو دیموكراتی هەرێمی كوردستان. بۆ ئەم مەبەستە یاسایەك لە پەرلەمان دەربچێت بۆ تەحریم و تەجریمی هەنگاوێكی تری لەو جۆرە كە یاسا پێشێل نەكرێ و شەرعیەت لەبار نەبرێ.
لەبارەی پەیوەندی نیشتمانیو نەتەوەییو ناوچەیی، بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەكات هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەیەكەوە بەرنامەیەكی كاركردن دابنێن بۆ:ـ
ـ دروستكردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ بەشەكانی تری كوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییو هاوكاری و پشتیوانی یەكتر لەسەر بنچینەی رێزگرتن لە تایبەتمەندی هەر یەكێكیان و دەستوەرنەدان لە كاروباری یەكتردا.
ـ ڕێكەوتن لەسەر ستراتیژێكی هاوبەشی كوردستانی سەربەخۆ بۆ دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندو لایەنە هەرێمیو نێودەوڵەتییەكان لە روانگەی بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانەوە، بە شێوەیەك كە كورد بتوانێ یاریكەر بێت نەك یاریپێكراو.
لە پڕۆژەی دووەمدا بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی ئێستای هەرێمی كوردستان بزووتنەوەی گۆڕان 14 خاڵی خستووەتە ڕوو كە بریتین لە:
1. گێڕانەوەی سامانی كەڵەكەبووی ناشەرعی بەرپرسە باڵاكانی حزب و حكوومەت و كۆمپانیای حزب و لێپرسراوان و هاوبەش و پشكدارەكانیان، لە بانكەكانی دەرەوەی وڵات بۆ وەزارەتی دارایی.
2. دەسبەجێ هێنانەوەی داهاتی شیرینی گرێبەستەكانی نەوت و غاز بۆ حكوومەتی هەرێم، كە بە پێی راگەیاندن و لێدوانی بەرپرسە باڵاكانی هەرێم و زانیارییەكانی بەردەست، چەند ملیار دۆلارێكە.
3. لابردنی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و ستافەكەی و دورخستنەوەیان لە سێكتەرەكانی نەوت و غازی هەرێم و لێپێچینەوە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای هەرێمی بۆ نەوتو غاز، لەو كاتەوەی كە هەرێمی كوردستان ئەم سامانەی بەرهەم هێناوە تا ئێستا.
4. دڵنیابوون لە بڕی ئەو پارانەی كە لە چەند حسابێكی بانكی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە دەرەوەی وڵات دانراونو گواستنەوەیان بۆ سەر ژمارە حسابێك كە وەزارەتی دارایی لە بانكێكی باوەڕپێكراودا دەیكاتەوە، پاشان داخستنی ئەو ژمارە حسابیانە.
5. ئاشكراكردنی بڕ و نرخی نەوتی فرۆشراوی مانگانەو پێدانی پارەكەی بە وەزارەتی دارایی. گێڕانەوەی داهاتی نەوت و غاز و بەرهەمەكانیان كە لەساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٤ لە رێی تانكەرەوە فرۆشراونو نەخراونەتە سەر بوودجەی گشتی هەرێم.
6. گێڕانەوەی خاوەندارێتیو داهاتی هەردوو پاڵاوگەی كەڵەك و بازیان بۆ وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی هەرێم كە لە بنچینەدا لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی حكوومەتی ئیتیحادییەوە بەشی زۆری دروستكراوەو دراوە بە حكوومەتی هەرێم نەك كۆمپانیاكانی حزب، بە رەچاوكردنی پاراستنی مافی ئەو كۆمپانیا ئەهلیانەی بەشداریان لە تەواوكردنیدا كردووە.
7. ئاشكراكردنی بڕی پارەی فرۆشتنی (ئێڵ پی جی و نەفتا) لە كێلگەی (كۆرمۆر) كە چەندین ساڵە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان بە كۆمپانیاكانی بەرپرسانو هاوبەشەكانیان دەفرۆشێ، كە دەبوایە وەك هەقدەست بدرایەتە كۆمپانیای (دانەغاز) كە پێی نەدراوەو سەرەنجام هەرێم بەزیاتر لە دوو ملیارو سەد ملیۆن دۆلار كەوتە ژێر قەرزی كۆمپانیای ناوبراوەوە.
8. گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەكانی نەوت لە بانكی كوردستانی نێودەوڵەتییەوە بۆ بانكەكانی حكوومەتی هەرێم، هەروەها ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە لایەن تەنها بانكێكەوە قۆرخ نەكرێت.
9. هەڵوەشانەوەی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای بەرپرسو هاوبەشەكانیان كە بۆ گواستنەوەو ئاسایش (سیكیوریتی) لە كێڵگە نەوتیو غازەكاندا وەریانگرتووە.
10. دەسبەجێ وەرگرتنەوەی قەرزی حكوومەت لای كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە زیاتر لە حەوت سەد ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێ.
11. دەسبەجێ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی باج و باجی گومرگی كۆمپانیاكانی بازرگانی حزبی و بەرپرسە باڵاكان، كە بەدەر لە یاساو رێنماییەكان بۆیان كراوە.
12. گەڕانەوەی ئەو بەشە پارەیەی كە لە بەشە بوودجەی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڕدراوە لە بری نرخی مۆڵەتی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە كۆمپانیای پارتییە، پارەكە لە پشكی كورد لە بەشە بوودجەی عێراق بڕاوەو مەزەندە دەكرێ بە چەند سەد ملیۆن دۆلارێك.
13. دەسبەجێ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانی هەموو كۆمپانیاكانی پشكنین (سۆنەر) و گواستنەوەی وشكانی (مانیفێست)و بیمە (دڵنیایی)...هتد، كە لە خاڵە سنوورییەكان كۆمپانیای بەرپرسە حزبییەكانو هاوبەشەكانیان دەیبەن بەڕێوە، سپاردنیان بە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانو رێكخستنیان بە پێی یاسا.
14. هەڵوەشانەوەی گرێبەستی خزمەتگوزاری و كارگۆ لە هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی كە دراون بە دوو كۆمپانیای سەر بە پارتیو یەكیێتی بە بێ كێبڕكێ و بەدەر لە یاساكان.
گوتەبێژی گۆڕان داوای كرد لایەنە پەیوەندیدارەكان هەردوو پڕۆژەكەیان بەهەند وەربگرن و كاری پێبكەن، بەپێچەوانەوە شۆڕش حاجی ئاماژەی كرد بەوەی دواتر قسەی تریان دەبێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

