dlshad seyfedin
17 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2016
ئەمڕو كەسوكاری قوربانیان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و چالاكوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر گڵكۆی یەكەم قوربانیی خۆپێشاندانەكانی ساڵی ٢٠١١ی شاری سلێمانی كۆبوونەوە و رێوڕەسمێكی تایبەتییان ساز كرد.
دواتر سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی كوردستانیان لە سلێمانی كرد و یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاران كرد و داوایان كرد ئەو كەسانەی لەكاتی خۆپێشاندانەكاندا تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردووە، دادگایی بكرێن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش رێوڕەسمێكی فراوان بە بۆنەی ئەم یادەوە لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت و تێیدا جگە لە وتاری كەسوكاری قوربانیان و پەرلەمانتاران، خەڵاتی ئەو رۆژنامەنووس و وێنەگرانەش دەكرێت، كە لەو كاتەدا رووماڵی بەردەوامی خۆپێشاندانەكانیان كردووە.
پێش پێنج ساڵ و لە پاشنیوەڕۆی رۆژی 17ی شوباتی ساڵی 2011 دەیان كەس لە دانیشتووانی شارەكە و چالاكوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی زانكۆ لە بەردەركی سەرای سلێمانی گردبوونەوەیەكیان بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەكانی بەهاری عەرەبی لە تونس و وڵاتانی تر رێكخست.
دوای تەواوبوونی گردبوونەوەكە بەشێك لە بەشداربووان بەردەوام بوون لە خۆپێشاندان و ئاراستەی خۆپێشاندانەكەیان بۆ بەردەم لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان ( لەسەر شاڕێی سالم) گۆڕی. دواتر چەند كەسێك لە خۆپێشاندەران بەردبارانی بارەگاكەیان كرد و هەوڵی چوونە ناو بارەگاكەیان دا. لە بەرامبەردا پاسەوانانی ئەو بارەگایە تەقەیان كرد و خۆپێشاندانەكە توندوتیژیی زیاتری لێكەوتەوە. لەئەنجامدا گەنجێك بەناوی (رێژوان عەلی) کوژرا و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون.
ئەو رووداوە بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانێكی بەرفراوانتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی كە ماوەی زیاتر لە 60 رۆژی خایاند.