Dilşad Seyfeddin Ahmed
25 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2015
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی وەفدی باڵای هەردوو لایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و یەكێتیی تاوتوێی ئەو پێشنیازانەی لەگەڵ گۆڕان كرد كە چەند رۆژێك لەمەوپێش لە گەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كردبوو.
كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، لە یەكێتیی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی حزبەكە مەلا بەختیار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی حاكم قادر و سەعدی ئەحمەد پیرە، هەروەها لە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵسوڕاوانی باڵای حزبەكە عومەری سەید عەلی و محەمەد تۆفیق رەحیم و جەلال جەوهەر و شۆڕش حاجی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا نوێنەرانی یەكێتیی و گۆڕان باسیان لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و دواین هەڵوێستی حزبەكانیان لەسەر دۆخی هەرێم و ناوچەكە كرد.
لە سەرەتادا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "لە دوای رۆژی 12ی مانگی رابردوو ئێمە لە زنجیرەیەك كۆبوونەوەداین لەگەڵ لایەنەكانی سیاسیی لە گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی و دواتر لەگەڵ پارتی بۆ دیاری كردنی هەڵوێستەكان، زنجیرەی دووەمی كۆبوونەوەكانمان پێش چەند رۆژێك دەستی پێ كردەوە و رۆژی یەكشەممە لەگەڵ پارتی كۆبووینەوە و دواتریش لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبووینەوە".
گوتیشی: "گفتوگۆی ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕان لەسەر كۆمەڵێك پرس بوو، لەپێش هەموویانەوە داكۆكیمان كرد لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوولا و ئەو لیژنانەی پێشتر هەبوون بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوەكانیان تا دەگەینە رێككەوتننامەیەكی سیاسیی لەنێوان هەردوولا، ئەو رێككەوتنامە سیاسییەش رەنگ دەداتەوە لەسەر هەموو جومگەكانی دەسەڵات".
پیرە لە بارەی پەیوەندی حزبەكەی بە گۆڕانەوە زیاتر گوتی: "لە زۆر رووەوە لێك نزیكین و مێژوویەكی هاوبەشی دوور و درێژمان هەیە و پێویستمان بە چاوساغ نابێت بۆ دۆزینەوەی ماڵی یەكتری خۆمان".
بەرپرسەكەی یەكێتیی لە بارەی كۆبوونەوەكە ئەوەشی گوت: "خاڵی دووەم كە ئەمڕۆ باسمان كرد، كۆمەڵێك قەیران هەیە لە قەیرانی دارایی و ئابووری كە ژیانی خەڵكی پێوە پەیوەستە بە وردی باسمان كرد، هەروەها باسمان لە قەیرانی ئەمنی كرد كە ئەمڕۆ لەشەڕێكی دەستە و یەخەداین بە درێژی هەزار كیلۆمەتر لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش و هێزی پێشمەرگەش سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە". پیرە ئاماژەی بەوەش كرد:" باسمان لەوەش كرد ئێمە كێشەمان هەیە لەسەر بابەتی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق، ئێمە بەشێكی فیدراڵین لە وڵاتێكدا و لەگەڵ عێراق ناوبەناو لە دابڕانداین و ئەو بابەتانەی دێتە پێشەوە لە پرسی بوودجە و سیاسەتی دەرەوەی عێراق و هەڵوێستی بەرامبەر پرسەكان، ئێمە هاوبەشین لەگەڵ لایەنەكانی سیاسیی دیكەی عێراق بەڵام تائێستا پێناسەیەكی رێك نەكراوە بۆ ئەو هاوبەشییە".
سەعدی پیری باسی لەوە كرد كە بۆ هەموو ئەو بابەتانە و هەبوونی كاری هاوبەش پێویستیان بە چارەسەركردنی ناوماڵی كوردی هەیە لە هەرێمی كوردستان و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی نێوان لایەنەكانی سیاسیی كە گرژی تێكەوتووە.
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی كە ئەو پرسانەی لە كۆبوونەوەی یەكشەممەی رابردوو لەگەڵ پارتی باسیان كردووە لەگەڵ گۆڕانیش باسیان كردووە و بەسنگێكی فراوانەوە وەریان گرتووە، بڕیارە وەفدەكەی گۆڕان لەگەڵ جفاتی نیشتمانی گۆڕان تاوتوێی ئەو پێشنیازانە بكەن و وەڵامیان بدەنەوە.
بەرپرسەكەی یەكێتیی گەشبینی خۆی نیشاندا بە دەرەنجامی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنەكان و گوتی: "لەنێوان دوو زنجیرە كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەكان هەستمان بەوە كرد كە ئاماژەی باش هەیە و هەموو لایەنەكان پەرۆشن بۆ گەیشتن بە ئەنجام و گەڕانەوە بۆ گفتو گۆ و دانوستان و چارەسەری قەیرانەكان".
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان شۆڕش حاجی گوتی: "ئەم دانیشتنەی ئەمڕۆ لە ناو پرۆسەی دانیشتن و بە گفتوگۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كوردستانە، خاڵی جەوهەری دانیشتنەكانیش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و چۆنێتی دەستبەكاربوونەوەی لیژنەكانی نێوان هەردوولا بۆ تێگەیشتن و رێككەوتنی سیاسییە لە داهاتوودا".
حاجی گوتی: "هەردوولا باسمان لەوە كرد هەرێم رووبەڕووی چەندین قەیران بۆتەوە و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر خەڵكی كوردستان و ئەزموونەكەمان، دەمانەوێت هەموو قەیرانەكان بە باشی دەستنیشان بكەین و هەوڵی چارەسەركردنیان بدەین".
گوتەبێژی گۆڕان جەختی كردەوە لەوەی هەڵوێستی حزبەكەی هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، لەهەمانكاتدا جەخت لەسەر ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە و دەست پێ كردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانی لایەنەكان دەكەنەوە .ئەو گوتی: "ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لە یەكێتی بەدیمان كرد، ئەوەیە ئەوانیش مكوڕن لەسەر پڕۆژە یاسا هاوبەشەكەی چوار لایەنەكە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان".
ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت رۆژی یەكشەممەی رابردوو شاندی باڵای یەكێتیی سەردانی شاری هەولێری كرد و لەگەڵ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر كۆبوونەوە.یەكێتی سێ پێشنیازی نوێی بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە و پێشتر لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان لەسەر كردووە، رۆژی دووشەممەش لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و ئەمڕۆش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیان لەسەر كردووە.
پێشنیازەكان تائێستا بەرەسمی لەلایەن یەكێتییەوە ئاشكرا نەكراون، سەعدی ئەحمەد پیرەش لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رەتی كردەوە باس لە ناوەرۆكی پێشنیازەكان بكات و ئەو هەواڵانەشی بە درۆخستەوە كە باس لە دەقی پێشنیازەكان دەكەن.