هەولێر
بەپێی قسەكانی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح هەرێم 500 ملیۆن دۆلاری لە توركیا قەرزكردووە و بەمدواییانەش 500 ملیۆن دۆلاری دیكەی داوا كردووە.
جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی كوردستان عەلی حەمەساڵح لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "هەرێمی كوردستان ئێستا نزیكەی 17 ملیار دۆلار قەرزارە كە بەمشێوەیە دابەش دەبێت، مووچەی دوو مانگی فەرمانبەران كە دەکاتە تریلیۆنێك و 700 ملیار دینار، پێشینەی خەرج نەكراوی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان كە تریلیۆنێك و 450 ملیار دەبێت كە هی كۆمپانیاكانە و وەریاننەگرتووەتەوە، هەروەها پارەی بانكە ئەهلییە ناحكومییەكانی هەولێر لەلای بانكی ناوەندیی هەولێر كە پێنج تریلیۆن و 648 ملیار دینارە، پارەی بانكە ئەهلییەكانی سلێمانی لای بانكی ناوەندی سلێمانی كە دوو تریلیۆن و 447 ملیار دینارە، لەگەڵ پارەی بانكە بازرگانییەكان كە چوار تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، هەروەها خەرجی شایستەی كڕینی كەلوپەل و چەند پێداویستییەكی دیكە كە 300 ملیار دینارە".
گوتیشی "سەرباری قەرزی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی هەرێم كە خۆی لە سێ ملیار دۆلار دەدات، واتە بە گشتی وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتیەكانی هەرێم 17 تریلیۆن دینار قەرزارن، وەزارەتی دارایی 16 تریلیۆن دینار و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانیش سێ ملیار دۆلار كە سەرجەمی دەگاتە 17 ملیار دۆلار".
لە شوباتی ساڵی 2014ەوە بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند سەرۆكوەزیرانی ئەو سەردەمە نوری مالیكی بڕیاری بڕینی بوودجەی هەرێمی كوردستانی دا و لەو كاتەوە هێشتا هەرێم لە قەیرانێكی دارایی گەورە دایە.
حەمەساڵح بۆچوونیشی وایە ئەو قەرزانە بارگرانییەكی زۆرن لەسەر حكوومەت، لەو بارەیەوە گوتی "بە بۆچوونی من ئەو قەرزانە بابەتێكی ئاسایی نییە، چونكە ئەو قەرزانە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری بەكارنەهێنراوە كە ببێتە هەوێنی ئەوەی داهات بۆ هەرێم بهێنێت، بەڵكو هەمووی یان بەشی هەرە زۆری بۆ بواری بەكاربردن و مووچە رۆیشتووە، هۆكارەكەشی ئەوەبووە لە رابردوودا ئیدارەدانی دارایی و پارە لە هەرێم زۆر لاواز بووە".
لەبارەی ئەو پارانەشەوە كە هەرێم لە توركیا قەرزی كردووە، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی كوردستان عەلی حەمەساڵح بە ئانادۆڵوی راگەیاند "هەرێم لە توركیا قەرزی كردووە، پێشتر 500 ملیۆن دۆلاری بە قەرز لێوەرگرتووە، بڕیار بوو 500 ملیۆنی دیكەشی لێ قەرز بكات كە وا بڕیاربوو بەمنزیكانە بگەیشتبایەتە هەرێم، بەڵام دیارنییە بۆچی نەگەیشتووە، ئەو پارەیەش وەكو قەرز دەهێنرێت نەك پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم".
عەلی حەمەساڵح هێما بۆ ئەوەش دەكات كە بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە نا جێگیرە و وەزارەتی دارایی و حكوومتیش لەبارەی رەوشی داراییەوە بەرچاویان روون نییە، ئەو گوتی "لەلایەك دەبینین حكوومەتی هەرێم پشت بە حكوومەتی ناوەندی دەبەستێت، ئەویش مانگانە نزیكەی 500 ملیۆن دینار دەنێرێت كە بەتەنها بەشی موچەش ناكات، لەكاتێكدا مانگانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 700 بۆ 800 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەو مەبەستە، لە لایەكی دیكەشەوە نازانرێت پشت بە ئابووریی خۆی ببەستێت كە نرخی نەوت لەو ئاستەدایە، بەلای منەوە باشترین بژاردە ئەوەیە كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێكبكەوین و ئەو پابەندبوونەمان لە پێدانی بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت جێبەجێ بكەین و ئەوانیش پابەندبوونی دارایی خۆیان بنێرن، چونكە ئێمە جگە لەوەش قەرزێكی زۆری موستەحەقاتی كۆمپانیا نەوتییەكانمان هەیە و ئەركێكی قورسە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ئەگەر رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا كە لەنێوان هەردوولا ئیمزاكراوە و تایبەتە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و بوودجەكەی لە بەغداوە جێبەجێ بكرێ ئەوا هەرێم دەتوانێت لەو زیادە نەوتەی كە بڕەكەی دەگاتە 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە قەرزە داراییەكانی ئەوانەی هی كۆمپانیا نەوتییەكانن بداتەوە.
لە كاتی جێبەجێ نەكردنی ئەو رێككەوتنەش بەپێی قسەكانی عەلی حەمە ساڵح هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەناردەكردنی بڕی یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە تەنها بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كە ئەو بڕەشی لە ئێستادا بە ئەستەم زانی.
سەبارەت بە پڕۆژەی بوودجەی ساڵی 2015ی هەرێمی كوردستانیشەوە عەلی حەمە ساڵح بۆ ئانادۆڵو گوتی "وەزارەتی دارایی رەشنووسێكی ئامادەكردووە و دەینیرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دوای لەوێ پەسەند دەكرێت و رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، باوەڕناكەم ئەو بوودجەیە ورد بێت، چونكە وەزارەتی دارایی و حكوومەتیش بەرچاویان روونی نییە كە پشت بە چی دەبەستن لە داهاتەكاندا، ئەگەر پەسەندیش بكرێت ورد نابێت". پێشبینیشی كرد سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو ئەو پڕۆژەیە بگاتە پەرلەمانی كوردستان.
هەرچی دەربارەی كەیسەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستانەوە هەیە كە ئەو یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی زۆرترین بەڵگەی گەندەڵی ئاشكرا دەكات، عەلی حەمە ساڵح گوتی "لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان لەنێوان 110 بۆ 115 ملیار دۆلار بە داهاتی نەوت و ناوخۆ و پارەی هاتوو بۆی دەستكەتووە، بەشی زۆری بە خراپ و بەگەندەڵی خەرجكراوە لەرێگەی دامەزراندنی خەڵكێكی زۆر بە بێ بەرنامە و خانەنشین كردنی خەڵكانێكی زۆر، جگە لەوە چەندمین كۆمپانیا هەن بە هۆی ئەو گەندەڵییانەوە بە هەزاران ملیۆن دۆلاریان قازانج كردووە لە رێگەی نایاساییەوە".
ئاشكراشیكرد: "كەرتی نەوت و كۆمپانیاكانی نەوتی بەتایبەت لە پاڵاوتن و پیشەسازیی نەوت، لەگەڵ زەوی و زار و هەروەها دامەزراندن و خانەنشینكردنی خەڵكێكی زۆر زۆرترین سێ سێكتەرن كە هەزاران ملیۆن دۆلاریان تێدا بەهەدەر دراوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا عەلی حەمە ساڵح باسی لەوە كرد كە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ژمارەیان لەسەر پڕۆسەكانی پیشەسازیی نەوت پێدەدات، بەڵام لایەنی سێهەم بۆ بەدواداچوون و وردبینی لەو ژمارانە نییە تا بزانرێت ژمارەكان دروستن یان نا.