هەولێر - ھێمن بابان
دەستەی وەبەرهێنان بەنیازە مامەڵەی قیستی هاووڵاتییان لە كڕینی یەكەكانی نیشتەجێ بوون لە رێگەی حسابی بانكییەوە بكرێت.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان رێبوار خەلیل لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت لە لە سەرەتاوە سەرهەڵدانی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كاریگەریی هەردوو قەیرانی هێرشەكانی داعش و قەیرانی دارایی كە زیاتر لە ساڵێكە پێوەی دەناڵێنن زۆر بە روونی لەسەر پرۆژە و مۆڵەتەكانی وەبەرهێنانەوە دیار بوو، لە ساڵی 2014 كێرڤی وەبەرهێنان دابەزینێكی تیژ و زۆری بەخۆوە بینی و دابەزی، بەڵام لە ساڵی 2015 كێرڤەكە زۆر بەروونی بەرەو هەڵكشانە.
"قەبارەی وەبەرهێنان لە 41 ملیار و 781 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە"
لەوبارەیەوە دەڵێت" لە 2015 ئاستی وەبەرهێنان بەرەو بەرزبوونەوەیە، دوو هۆكاریش هەن یەكەم خەڵك ئومێدی هەیە قەیرانەكان بەرەو چارەسەری بڕۆن و ئاسۆیەك بۆ قەیرانە ئەمنییەكە دەركەوتووە كە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە هەرێمی كوردستان لە داعش بپارێزن و لەرووی داراییشەوە هەم لەگەڵ بەغدا ئاسۆی چارەسەر هەیە، ئەگەر نەشبێت حكوومەتی هەرێم بەدیلی هەیە بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی چارەسەر بكات".
دەربارەی ئاستی وەبەرهێنانیشەوە لەوەتی دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2008 تاوەكو ئێستا رێبوار خەلیل دەڵێت "ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە بڕی زیاتر لە 41 ملیار و 781 ملیۆن دۆلار، ژمارەی ئەو مۆڵەتانەشی بۆ وەبەرهێنان دراون 728 مۆڵەت بوون كە لەو مۆڵەتانە بە پلەی یەكەم مۆڵەتەكانی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێ بوون بوون و دوای ئەویش پرۆژەی پیشەسازی دێن، قەبارەی وەبەرهێنانی بیانی لەو بڕە رێژەی 12 لەسەد و حەوت لەسەدیش هاوبەشن لەنێوان وەبەرهێنەری خۆماڵی و بیانی".
ئەوەشی گوت وڵاتانی توركیا و پاشان ئێران و ئینجا وڵاتانی ئەورووپی لە ریزبەندەكانی پێشەوە دێن. جگە لەوەش وڵاتانی ئەورووپای رۆژهەڵاتیش خەریكن روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند لە ساڵی 2015 زۆرێك لە پرۆپۆزەڵەكانی داواكردنی مۆڵەت بۆ پڕۆژەكانی پیشەسازی و دواتر گەشتیاری بوون، وە چەند پرۆژەیەكی گەورەش لە ئەمساڵدا مۆڵەتییان پێدراوە كە پرۆژەی كارەبا و بازرگانیین.
هێمای بۆ ئەوەشكرد تا ئێستا 50 مۆڵەت لەوانەی كە ئەوان بە وەبەرهێنانییان داوە بەهۆی پابەندنەبوونی وەبەرهێنەرەكانەوە هەڵوەشێنراونەتەوە.
لەبارەی ئەو ئاسانكارییانەی كە بۆ وەبەرهێنەر دەكرێن رێبوار خەلیل گوتی یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان زۆر دۆستی وەبەرهێنەرانە، روونیشی كردەوە" لە یاساكەی ئێمەدا زەوی بۆ وەبەرهێنەر دابین دەكرێت و ئەگەر پرۆژەكە ستراتیجی بێت زەوییەكەی لەسەر تاپۆ دەكرێت، هەروەها وەبەرهێنەر بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە گومرگ و باج بۆ پرۆژەكەی دەبەخشرێت، جگە لەوەش چەند گەرەنتییەك بۆ وەبەرهێنەر لە یاساكەدا هەیە لەوانە تەواوی قازانج و سەرمایەكەشی بباتەوە پاش تەواوكردنی پرۆژەكەی، هەروەها دەتوانێت پرۆژەكەی بدات بە وەبەرهێنەرێكی تر".
"ئیمتیازی زیاتر بە وەبەرهێنی بیانی دەدرێت"
ئەوەشی ئاشكراكردكە بەنیازن لە هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێناندا چەندین ئیمتیاز و ئاسانكاریی دیكە دابین بكەن، ئەو گوتی" سەرباری هەموو ئیمتیازاتەكان بە نیازین ئەو یاسایە هەمواربكەینەوە و ئیمتیازی زیاتر بدەین بەتایبەت بۆ وەبەرهێنەری بیانی و بۆ ئەو ناوچانەی كەم خزمەتن وەكو قەزا و ناحییەكان".
گوتیشی: "ئەوەی بەنیازیین بیگۆڕین ئەوەیە یەكەم هەیكەلی دەستەی وەبەرهێنان گۆڕانكاریی تێدا بكەین و بەشی بەدواداچوون و سەرپەرشتی زیاد بكەین، رەنگە چەند بەشێكی دیكەش زیاد بكەین و هی دیكەش كەم بكەینەوە، پێدانی ئیمتیازی ئاراستەكراو بە چەند سێكتەرێك زیاتر بكەین لەوانی دیكە، بۆ نموونە بەنیازین سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی پێشبخەین، چونكە ئەوانە بۆ ژێرخانی ئابووری هەرێم زۆر گرنگن بەتایبەت بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، هەروەها سێكتەری خوێندن و گەشتوگوزاریش گرنگن".
سەبارەت بە دواین هەوڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان روونیكردەوە"دوو فراكسیۆنی پەرلەمانی پرۆژە یاسایان پێشكەش كردبوو و دوای كردیان بەیەك و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا و راپۆرتی لەسەر كرا و دواتر ئەو هەموارەشی كراوە بەپێی تمووحی ئێمە نییە، ئینجا لێژنەیەكمان لە حكوومەت و پەرلەمان دروست كردووە بۆ ئەوەی بە هەمواری یاساكەدا بچینەوە تا ئەوەی یاساكە بۆ ئێستا و داهاتووش گونجاو بێت".
رێبوار خەلیل لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە دەستەكەیان لە دابینكردنی زەوی بۆ وەبەرهێنان رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە بەهۆی رۆتیناتێكی زۆر و كاتێكی زۆر كە لەو پرۆسەدا دەیەوێت.
گوتیشی: "كێشەی رۆتینمان هەیە لە تەرخانكردنی زەوی كە كاتێكی زۆری دەوێت، چونكە دەبێت بچێتە بەرێوەبەرایەتییەكان و دواتر بۆ وەزارەتەكان بچێت و ئینجا لێژنەی تەرخانكردنی زەوی و شارەوانییەكان، بۆیە ئێستا پلانمان هەیە ئەو رۆتینە كەم بكەینەوە و پلانێكمان هەیە بۆ ئەوەی ماستەری وەبەرهێنان دابڕێژین و پرۆژەكان بۆ وەبەرهێنەران ئامادەبكەین و تەنها هەڵبژاردنی ئەو پرۆژانە بۆ وەبەرهێنەر بمێنێتەوە".
"مۆڵەتی دروستكردنی 181 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوونمان داوە"
دەربارەی پرۆژەكانی نیشتەجێ بوونیشەوە كە پێشتر كێشەیەكی زۆری لەسەر دروست بوو و رەخنەیەكی زۆریش بەو هۆیەوە هاتە سەر حكوومەتی هەرێم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێك لە كێشەكان بەهۆی نەبوونی رێنمایی و رێوشوێنی جێبەجێكردنی پرۆژەكان بووە، بەتایبەت وەبەرهێنەر راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییانەوە مامەڵەی كردووە بێ ئەوەی چاودێرییەك بەسەر ئەو مامەڵەیەوە هەبێت، بەڵام بۆ لەمەودوا خۆمان چاودێری ئەو مامەڵەیە دەكەین و لەرێگەی بانكەوە دەبێت، واتە شێوازی پێدانی قیستەكان دەگوێزینەوە بۆ بانك، بۆ هەر پرۆژەیەكی نیشتەجێ بوون حسابێكی بانقی دەكەینەوە و هاووڵاتییان لەوێ پارە دەدەن وەكو پێشینە بۆ ئەوەی وەبەرهێنەر لە هەر قۆناغێكدا پرۆژەكەی وەستاند یان تووشی كورتهێنانی دارایی بوو، پرۆژەكە بەو پارەیە بدەینەوە و تەواوی بكەین لەرێگەی وەبەرهێنەرێكی دیكە".
درێژەشی پێدا و روونی كردەوە: "لەو رێگەیەوە ئێمە دەزانین رێژەی تەواوبوونی پرۆژەكە و رێژەی پارەدانی هاووڵاتی چەندە، بۆ ئەوەی هەقی هەردوولا بپارێزین و هەروەها بزانیین پرۆژەكان چەندیان تەواوبوون، لێرەوە هانی بانكەكانی بیانی دەدەین بێن و سەپۆرت و پاڵپشتی پرۆژەكان بكەن بۆ ئەوەی لەناوەڕاستدا ئیشەكانییان نەوەستن".
سەبارەت بەوەشی كە پرۆژەكانی نیشتەجێ بوون لە رابردوودا نەبوونەتە هۆی كەمكردنەوەی راستەقینەی رێژەی كرێنشینانی هەرێم سەرباری دروستكردنی دەیان هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون لە شارەكانی هەرێم، لەو رووەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رێبوار خەلیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "لە كوردستاندا مۆڵەتی دروستكردن بە نزیكەی 181 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون دراوە، مەرج نییە هەمووی دروست كرابێت، نەهێشتنی كرێنشین و نەهێشتنی كەمدەرامەت و وەبەرهێنان دوو شتی جیاوازن، یەكەمیان لەسەر سیستەمی ئیشتراكی و ئەوی تر قازانج و سەرمایەدارییە، بۆیە هەوڵمانداوە ئیمتیازی زیاتر بدەین بۆ ئەوانەی پرۆژە بۆ كرێنشینان دروست دەكەن و ئاسانكاریی زیاتریان بۆ بكەین، واتە ئەوانەی پرۆژەی كەم نرخن ئاسانكاری زیاتریان بۆ دەكرێت لەوانەی كە ڤێلان و گران بەهان.
گوتیشی: "لە سلێمانی پرۆژەیەكمان بۆ كرێنشیان هەبوو راوەستابوو كە زیاتر لە 600 خانوو و شوقە بوون، ئێستا توانییمان ئەو پرۆژە دیسانەوە بخەینەوە گەڕ و كاری تێكدابكرێتەوە، فەرمانێكی ترمان هەیە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ كرێنشینان و لە هەولێریش بە ئومێدین پرۆژەیان بۆ دروست بكەین".
news_share_descriptionsubscription_contact

