Heman Hussein Yaseen
18 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
بە بەشداری زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا و پڕۆژەی جۆراوجۆر، بۆ یەکەمجار پێشانگای نێودەوڵەتی لە هەولێر کرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت و چەندین دیداری بازرگانی تییایدا ئەنجام بدرێت.
رێکخەری پێشانگاکە، هەردی سەلام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمانەوێت لە رێگای ئەم پێشانگایەوە چەندین دیدار و گفتوگۆی بازرگانی ئەنجام بدەین و نوێترین تەکنەلۆژیای تایبەت بەم بوارەوە نیشان بدرێت، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەرتی وەبەرهێنان دەبێت".
لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی بەشداربوو لەو پێشانگایە، هەردی سەلام گوتی: "زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا و پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ١٠ وڵات بەشدارن کە زۆرترینییان کۆمپانیا تورکییەکانن و بریتین لە ٢٥ کۆمپانیا".
شارەزایان باس لەوە دەکەن، ئەمساڵ ئاستی وەبەرهێنان و مامەڵە بازرگانییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بە ئاراستەی جموجۆڵی زیاتری بازرگانی.
بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای کرمانج، ئومێد نەقشبەندی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم پێشانگایە ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایەی پڕۆژەی گەورەیان هەیە بەشدارن و پڕۆژەی ئێمە بریتییە لە پڕۆژەی شوقەکانی زانیاری لە هەولێر کە ٤٨ نهۆمە و بە بەرزترین تاوەر لەسەر ئاستی عێراق هەژمار دەکرێت، ئەوەی کە تەخمینی بۆ کراوە نزیکەی ٥٠ ملیۆن دۆلارە و لەماوەی سێ ساڵ تەواو دەبێت و بەرزی تاوەرەکە بریتییە لە ١٨٠ مەتر".
ئومێد نەقشبەندی گوتیشی: "دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی کەرتی وەبەرهێنان بەرەو لاوازی چوو بەڵام ئەمساڵ هەست دەکرێت کە کەرتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە گشتی بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیووە و دەستکراوە بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی زۆر لە شار و شارۆچکەکان".
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگایەکەدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، محەمەد شوکری گوتارێکی پێشکەشکرد و تیاییدا رایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٠٦ نزیکەی ٣٠٠ هەزار تۆن چیمەنتۆلە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهات و خۆشبەختانە ئێستا ١٢ ملیۆن تۆن رۆژانە بەرهەم دێت".
محەمەد شوکری گوتیشی: "کارەبا کە سێکتەرێکی گرنگە و قابیلیەتی نزیکەی ٧ هەزار و ٢٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەرستەوە ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دێنێت و ئەگەر سووتەمەنی پێویست هەبێت ئەوا بێگومان ئەو رێژەیە زیاد دەکات".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان محەمەد شوکری راشیگەیاند: "ئێمە وەکو دەستەی وەبەرهێنان گلەییمان لە کۆمەڵێک پڕۆژە هەیە و لە داهاتوودا رێکاری پێویست بەرامبەریان دەگیرێتەبەر بە تایبەت یەکەکانی نیشتەجێبوون، لە ئێستاشدا بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەنددارەکان دووبارە سەرقاڵی یاسای وەبەرهێنانین کە رۆڵێکی زیاتری هەبێت لە فراوانبوونی وەبەرهێنان، دانانی سندوقی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن لە کەرتە تایبەتەکان کار بکەن، ئێستا خەریکی بەشداری لە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ گەرەنتی لە وەبەرەهێنان بۆ ئەوی بتوانین لە داهاتوودا زەمانتی وەبەرهێنان بکەین".