سلێمانی
شاندەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، لە سەرۆكی پەرلەمان یوسف محەمەد و جێگری سەرۆك جەعفەر ئیبراهیم و سكرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر پێكهاتبون و لەگەڵ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا و عومەر سەید عەلی و جەلال جەوهەر هەڵسوڕاوانی دیاری گۆڕان كۆبونەوە.
ئەم كۆبوونەوەیە درێژە پێدەری كۆبوونەوەكانی تری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر و ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج لەبارەی پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ پرسی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی یاسایەكی ئامادەیە و بەدوای كۆدەنگی لایەنەكاندا دەگەڕێت.
دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو گەنگەشە و راوێژانەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەنجامی دەدەین بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانەی پێویستیان بە یەكلاكردنەوەی هەیە، ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد و كۆبووینەوە بۆ قسەكردن لەسەر پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان".
ئەو گوتی: "وتووێژێكی زۆر باشمان ئەنجامدا، ئەوانیش بیروڕای باشیان لەو بارەیەوە خستەڕوو تاوەكو دواتر لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكەین".
ئاماژەی بەوەش كرد سەرجەم پرسەكانی تر لە ڕێگەی سازان و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر دەكەن.
لەلای خۆیەوە رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لە كۆنگرەكەدا گوتی: "ئەجێندای كۆبونەوەكە بریتی بوو لە پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی وڵاتانی ناوچەكە و ئەو سیستەمی سەرۆكایەتییەی لە وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە بیروبۆچونی خۆمان بە وەفدەكە گەیاند".
نەوشیروان مستەفا گوتی: "پێمان وایە باشترین سیستمی سەرۆكایەتی بۆ هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەغدا سیستمی پەرلەمانییە و ئەوەمان بەلاوە گونجاوە".
بڕیاربوو پێش كۆبونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كۆببنەوە. بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوون و سەفەركردنی جێگرانی سكرتێری گشتی حزبەكەوە كۆبونەوەكە بۆ رۆژی شەممە دواخرا.