Dilşad Seyfeddin Ahmet
03 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
ماوەی چەند رۆژێكە دەركەوتنی جۆرێك ماسی تایبەت لە سەرچاوەیەكی ئاوی گوندێكی ناحیەی سوورداش (نزیك قەزای دووكان لە دوری 60 كم باكوری رۆژئاوای سلێمانی) گەشتیاران و هاووڵاتیانی ناوچەكەی سەرسام كردووە و ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی بۆ بینین و گرتنی ئەو جۆرە ماسییانە سەردانی ئەو ناوچەیەیان كرد، ئەمڕۆش تیمێكی سامانی ماسی سلێمانی و بەرپرسانی حكوومی ناوچەكە بۆ لێكۆڵینەوە لە جۆری ئەو ماسییە سەردانی ناوچەكەیان كرد و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد.
لێپرسراوی سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی توانا ئیسماعیل لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم جۆرە ماسیەی لێرە دۆزراوەتەوە پێی دەگوترێت ماسی ئەشكەوتی كوێر كە ماسییەكی دەگمەنە و لە ساڵی 2014 لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆزراوەتەوەو بینراوە دواتریش لە مەكسیكیش بەهەمان شێوە بینراوە".
توانا هەروەها گوتی: "جۆرە ماسییەكی دەگمەنە و لەو ئەشكەوتانەی ناخی زەویدا دەژی و بەهۆی ئەوەی تیشكی خۆر لێی نادات چاوی نییە، هەروەها رەنگێكی سووری روونی هەیە كە بۆ هاتوچۆی خوێن لە لەشی ماسییەكەدا دەگەڕێتەوە، ئەم ماسییە چاڵەكانی چاوی هەیە بەڵام بەپێستێكی ئەستوور داپۆشراوە، لە پێشی دەمیشییەوە چوار هەستیار هەیە بۆ دۆزینەوەی خۆراك و جوڵەی خۆی بەكاری دەهێنێ".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سامانی ماسی لە سلێمانی قەبارەی ماسییەكان جیاوازن لە نێوان سێ سنتم تا 17 سنتم دەبێت، بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ژینگەی دەرەوەدا ئەو ماسییانە بۆ ماوەیەكی كەم دەژین و پێویستیان بەرەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوتر هەیە.
ماسییەكە لە نێو قوڵپی ئاوی ئەو كانییەوە هەڵدەقوڵێت كە لە بناری شاخەكە و دوای باران بارینی زۆری هەفتەی رابردوو تەقیوە و لەگەڵ ئاوەكەدا ماسییەكان هاتونەتە دەرەوە، بەڵام ئەو كەسانەی بۆ گەشتیاری و بینینی ماسییەكان هاتوون زۆربەی ماسییەكان گیراون و براونەتەوە ماڵەوە وەك ماسی زینە دایانناون.
دانیشتویەكی ناوچەكە بە ناوی ساڵح عەزیز كە لەسەر سەرچاوە ئاوییەكەوە سەرقاڵی گەڕان بوو بەدوای ئەو جۆرە ماسییەدا، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دوای ئەو لافاو و باران بارینەی زۆرەی هەفتەی رابردوو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئەم كانییە لە بناری ئەم شاخەدا تەقیوە كە یەكەمجارە كانییەكی لەو شێوەیە بە قوڵپ لەم ناوچەیە دێتە دەرەوە و ئەو جۆرە ماسییەشی لەگەڵ خۆی هێناوەتە دەرەوە".
لێپرسراوی سامانی ماسی لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی توانا ئیسماعیل گوتیشی: "ئێمە چەندین ساڵە لەم ناوچەیەداین و لەسەر ئەم ئاوە دەژین، بەڵام تائێستا ماسی لەو شێوەیەمان نەدیوە و لەلای هەمومان جێگەی سەرسوڕمانە".