دیاربەکر
پارێزگای دیاربەکر لە ئامادەکاریەکانی بۆ پێشوازی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامە کە بڕیارە ڕۆژانی ١٦ – ١٧ی تشرینی یەکەم سەردانی بکات.
لە راگەیەنراوێکدا بەرنامەی سەردانەکە ئەردۆغان ئاشکرا کرا. بەپێی ئەو بەرنامەیە، ئەردۆغان لە ھۆڵی وەرزشی زانکۆی دیجلە لە پارێزگاکە بەشداری لە ئاھەنگی ھاوسەرگیریی ٣٦٠ دەزگیراندا بکا.
بەنوێنەرایەتی ٣٦٠ کەس ٢٢ بوک و زاوا بە جلی زەماوەندەوە دێنە سەر شانۆی ھۆڵەکە بۆ مارەبڕینیان، ھەریەک لە ھونەرمەندان شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسەس بەگۆرانی دوبەدوو بەشداری لە ئاھەنگەکەدا دەکەن.
شڤان پەروەر دوای ٣٧ ساڵ بۆ یەکەمجارە دەگەڕێتەوە تورکیا و لە دیاربەرکر ئامادە دەبێت، لە سبەینێشەوە ئامادەکاریەکان بۆ پێشوازیکردن لە ھاتنی دوو ھونەرمەندی گرنگی وەک شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسەس بۆ ئاھەنگی ھاوسەرگیریی بەکۆمەڵ دەست پێدەکا.
چاوەڕوانیش دەکرێت دوای ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکە، سەرۆکوەزیران و میوانانی، بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتێکدا بکەن کە لە تەنیشت کۆلێژی شەریعە دروست کراوە.