Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2019
سلێمانی ـ AA
ساڵی ١٩٩١ بۆ ئاراس عوسمان ساڵێکی کارەساتاوی بوو، ئەو لەو ساڵەدا کە قوتابی پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووە بە ھۆی تەقەمەنییەوە بەسەختی بریندار دەبێت و ھەردوو دەستی لە بندا لەدەست دەدات.
ئاراس لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٩ی ناوچەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی و لەئێستادا لە ناحیەی رزگاری لە نزیک قەزای کەلار (١٤٠ کلم باشووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) نیشتەجێیە، زۆربەی کاتەکانی رۆژانەشی بە وێنەکێشان و لە رێگەی قاچەکانییەوە بەسەر دەبات.
ئاراس لە بارەی لەدەستدانی دەستەکانی و چۆنێتی دەستکردن بە کاری وێنەکێشان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "ساڵی ١٩٩١ بە ھۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەوە لە ناوچەکەی خۆمان بەسەختی بریندار بووم و ھەردوو دەستم بەو ھۆیەوە لەدەستدا، ئەو کارەساتە و لەدەستدانی دەستەکانم زۆر بێھیوایان کردم لە ژیان و بووە رێگر لەبەردەم کارەکانمدا، تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٩٧ و لە نەخۆشخانەی ئێمیرجنسی پزیشکەکەم زۆر ھانیدام و ھیوای بۆ گەڕاندمەوە، ئەو داوای لێکردم لە رێگەی قاچەکانمەوە دەست بە ژیان بکەمەوە و ھیوا بگەڕێنمەوە، ووردە ووردە دەستم کرد بە بەکارھێنانی قاچەکانم بۆ نان خواردن و کارەکانی تر و ھیوایەکم بۆ ژیان بۆ گەڕایەوە".
ئەو ھەروەھا گوتی: "دواتر پزیشکەکەم داوای لێکردم لە رێگەی قاچەکانمەوە دەست بە وێنەکێشانیش بکەم، منیش بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە لەبیر بکەم کە بەسەرم ھاتووە دەستم بە وێنەکێشان کرد و کۆمەڵێک وێنەم کێشا و لە ھەمان ساڵدا، توانیم یەکەم پێشانگای وێنەکانم بکەمەوە".
ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتە باس لەوەش دەکات، لەسەرەتاوە کەمئەندامییەکەی لە ژیان دایبڕیبوو، بەوەش بووبووە کەسێکی بێھیوا و خەمبار لە ژیان، بەڵام وێنەکێشان جارێکی تر ھیوای پێبەخشیوەتەوە و لەئێستادا کەمئەندامییەکەی نەوەک نەبووەتە رێگر بەڵکو ئومێد و ھیوا بە کەسانی تریش دەدات.
ئاراس لەگەڵ ئافرەتێک کە ئەویش خاوەن پێداویستی تایبەتە خێزانی پێکھێناوە و خاوەنی سێ منداڵن، وەک خۆشی دەڵێت جگە لە مووچەیەکی کەمئەندامی ھیچ سەرچاوەیەکی تری بژێوی ژیانی نییە.
ئەم خاوەن پێداویستییە بەھرەمەندە تا ئێستا شەش پێشانگای لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە و بەردەوامە لەسەر وێنەکێشان و لە درووستکردنی وێنەکاندا لاک و بۆیەی زەیتی و ماجیک بەکار دەھێنێت و دەیەوێت لە رێگەی وێنەکانییەوە پەیامی ھیوا و ژیان بە ھەمووان ببەخشێت.