Piştiwan Celal
28 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2016
عەدالەت محەمەد تەمەن 33 ساڵ كە دانیشتووی گوندی 'بەلەگە'ی سەربە ناحییەی سەرقەڵایە و ناوچەكەیان دەوڵەمەندە بە دۆمەڵان، لە سەرلەبەیانییەوە دەردەچێت بۆ کۆکردنەوەی دۆمەڵان و بەشی چێشتێكی نیوەڕۆ دۆمەڵان پەیدا دەكات. ئەو لەكاتی گەڕان بەدوای دۆمەڵاندا تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "دۆمەڵان تەنها لە وەرزی بەهاردا دەردەچێت، لەو زەویەی كە دەردەچێت دیارە چونكە تۆزێك زەویەكە هەڵدەئاوسێت، خواردنێكی خۆش و سرووشتییە، بۆیە خەڵكی زۆر حەزی لێدەكەن".
پێشتر تەنها گوندنشینەكان لەبەهاراندا سەرقاڵی دۆمەڵان دۆزینەوە بوون، ئەگەر زیاد لە پێویستی خۆیان بدۆزیایەتەوە ئەوا دەیانبرد بۆ شار بۆ فرۆشتنی بە نرخێكی گران، بەڵام ئێستا زۆربەی دانیشتوانی گەرمیان بەدوای دۆمەڵاندا دەگەڕێن و بە تاسەوەن بۆ دۆزینەوەی.
دۆزینەوەی دۆمەڵان لێزانینی دەوێت، ئەوانەی كەشارەزان باس لەوە دەكەن ئەو شوێنەی دۆمەڵانەكەی لێدەردەچێت نزیكەی یەك سانتیمەتر لە ئاستی زەوییەكە بەرز دەبێتەوە و بەجۆرێك دۆمەڵانەكە زەوییەكە هەڵدەئاوسێنێت و درزی گەورەی تێدەخات كە بەوە دەناسرێتەوە. عەدالەت محەمەدی گوندنشین ئەوەشی بۆ ئانادۆڵۆ گوت "بەڵێ دەبێت شارەزاییت هەبێت، چونكە ئەوانەی شارەزان زیاتر دەدۆزنەوە بەقەبارەی گەورە و بچوك، تا گەورە بێت زەوییەكە زیاتر درزی هەیە و بەرز دەبێتەوە".
لەگەرمیاندا دوو ناوچە دۆمەڵانی بە زۆری لێیە، ئەوانیش ناوچەكانی دەورووبەری شاری خانەقین و حەمرینن كە جۆری دۆمەڵانەكەی سپییە و ئەو خاكەشی لێی دەردەچێت لماوییە، ناوچەیەكی دیكەش ئەو گوندانەن كە سەر بە ناحییەكانی سەرقەڵا و زنانەن و دەورووبەرین كە دۆمەڵانەكەی لەجۆری دۆمەڵانی سوورن.
هاووڵاتییەك بەناوی فایەق نەجمەدین كە بە ئۆتۆمبێلی خۆیەوە هاتبوو بۆ گەڕان بەدوای دۆمەڵاندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئەمساڵ ساڵی هات نییە بۆ دۆمەڵان، بەڵام خەڵك دردەچێت بۆخۆی گەشتی خۆی دەكات و بەدوای دۆمەڵانیشدا دەگەڕێت، دۆمەڵانیش هەركەس شارەزایی لێی هەبێت زیاتر دەدۆزێتەوە و كەمتر ماندوو دەبێت".
لە ئێستادا نرخی دۆمەڵان لە نرخی گۆشت زیاترە، یەك كیلۆ دۆمەڵان لە بازاڕەكانی گەرمیاندا بە نزیكەی (15 هەزار) دینار دەفرۆشرێت، هەرچەندە جۆری دۆمەڵانەكە و قەبارەكەی كاریگەریی لەسەر نرخەكەی دەبێت، ساڵانی پێشوو بۆ زۆربەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبرا، تەنانەت بۆ دەرەوەی عێراقیش فرۆشراوە، بەڵام ئێستا تەنها بۆ بەغدای پایتەختی عێراق دەبرێت و لە ئاستی هەرێمی كوردستانیش بۆ پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی دەبردێت.
فرۆشیارێكی دۆمەڵان بەناوی عوسمان عەلی گوتی: "ئێستا ئێمە بە 12 هەزار دەیكڕین و بە 14 هەزار و 15 هەزار دەیفرۆشین، پێشتر ئێمە دەمانفرۆشت ئەیانبرد بۆ بەغدا و رومادی و فەللوجە تەنانەت بۆ سعوودیە و كوێتیش دەیانبرد، بەڵام ئێستا تەنها لە ناوخۆدا دەیكڕن، زیاتر بۆ سلێمانی و هەولێر و بەغدا دەیبەن".
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەش كرد كە لەمساڵدا نرخی دۆمەڵان زۆر دابەزیوە هۆكارەكەشی بۆ بوونی قەیرانی دارایی و نەبردنی بۆ دەرەوەی هەرێم گێڕایەوە، بەجۆرێك پێشتر 10 هەزار گرانتر لە ئێستا دەفرۆشرا.
دۆمەڵان لەجۆری كەڕوەكانە و لە خێزانی قارچكە، شێوەشی زیاتر لە پەتاتە دەچێت بەڵام تامی ئەم جۆرە خواردنە هاوشێوەی هیچ خواردنێكی تر نییە، ئەو خاكەشی لێی دەردەچێت كاریگەریی لەسەر تامەكەی هەیە.