Dilşad Seyfeddin Ahmet
28 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2016
سلێمانی
مامۆستایان بەهۆی ناڕەزایی لە سیستمی نوێی مووچە و دواكەوتنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوویان دوای كۆتایی هاتنی پشووی وەرزی یەكەم لە كۆتایی مانگی رابردوودا، ئامادە نەبوون بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆت كردنی دەوامیان راگەیاند.
سەرەڕای داواكاریی بەردەوامی پارێزگاری شارەكە و بەرپرسانی حكوومی و پەروەردەیی بۆ كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان و دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و هۆشداری دان لە هەژمارنەكردنی ئەمساڵی خوێندن بەهۆی درێژەكێشانی بایكۆتەوە، بەڵام مامۆستایان تا ئەمڕۆ بەردەوامییان بە مانگرتن داو بە چەند مەرجێك دەستیان بە پرۆسەی خوێندن كردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك لە مامۆستایان تائێستا مكووڕبوونی خۆیان لەسەر بەردەوامی بایكۆت كردنەكە دووپات دەكەنەوە.
بەڕێوەبەری یەك لە خوێندنگە بنەڕەتییەكانی شاری سلێمانی ئومێد ئەمین ساڵح كە هاوكات ئەندامی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانە و ئەمڕۆ مامۆستایان و خوێندكارانی قوتابخانەكەی دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن كردەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رۆژی 21ی مانگی رابردووەوە مامۆستایان بایكۆتكردنی دەوامیان راگەیاندووە و لە رۆژی 21ی ئەم مانگە لەلایەن یەكێتی مامۆستایانەوە بایكۆتكردن شكێنرا، چونكە ناكرێت منداڵان بكەینە قوربانی ململانێی سیاسی لە شاری سلێمانیدا كە ئەم شارە كراوەتە شوێنی تاقیكردنەوەی سیاسی".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ مامۆستایان و خوێندكاران هەمویان دەستیان بە دەوامكردن كردووەتەوە و ئەمساڵی خوێندن بەرێدەكەین تاوەكو منداڵان لەمساڵی خوێندن بێبەش نەبن و ساڵەكەیان بۆ هەژمار بكرێت".
پێشتر لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوای دانانی دوو رۆژ پشووی كردبوو لە هەفتەیەكدا، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاندبوو پێویستە تەنها یەك رۆژ پشوو بۆ مامۆستایان دیاری بكرێت.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری خوێندنگەكانی سلێمانی بە پشتیوانی لقی سلێمانی رێكخراوەكەیان (یەكێتی مامۆستایانی كوردستان) خشتەیەكی نوێی وانە و رۆژانی دەوام كردنیان داناوە، بە پێی ئەو خشتەیەش رۆژانی دەوام كردن تەنها رۆژانی یەكشەممە تا چوار شەممە دەبێت و رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە لە خوێندنگاكاندا پشووە.
بەڕێوەبەرەكەی ئەو خوێندنگایەی سلێمانی لەو بارەیەوە گوتی: "وەك بەڕێوەبەرەكان كۆبوونەوەی خۆمان كردووە و لە بەیاننامەی یەكێتی مامۆستایانیش شێوازی دەوامكردنی تێدا دیاری كراوە، ئەمڕۆ مامۆستا بێ مووچەیە و وەك هەستێكی نیشتمانی بایكۆتی شكاندووە، بۆیە ئێمەش لەگەڵ گیرفان و قوت و بەرژەوەندی مامۆستاداین و بڕیارمانداوە چۆن بگوونجێت لەگەڵ گیرفانی مامۆستادا بەو شێوەیە و بەپێی ئەو مووچەیەی وەری دەگرێت دەوام دەكەین، واتە لە رۆژانی یەكشەممە تا چوارشەممە دەوام دەكەین".
كابان شەعبان مامۆستایەكی بنەڕەتییە و ئەمڕۆ دەستی بە دەوامكردن كردۆتەوە، ئەو لەو بارەیەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خوێندكاراندا دەستمان بە دەوامكردن لە خوێندنگاكان كردۆتەوەو پێمان خۆش نییە دەوامی خوێندنگاكان دابخرێت، هەرچەندە مامۆستایان مافی خۆیانە داوای مافەكانیان بكەن و لەگەڵ داواكارییەكانیانداین، بەڵام هەرچۆن بێت دەوام دەكەین تا ساڵێكی منداڵان بە فیڕۆ نەڕوات و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان دەكەین".
سارا محەمەد كچە قوتابییەكی قۆناغی سێی بنەڕەتییە. ئەو كە لەگەڵ هاوپۆلەكانی تری چاوەڕوانی زەنگی وانە و هاتنی مامۆستاكەی دەكرد بە خۆشحاڵییەوە باسی لەدەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن كرد و گوتی: "سوپاسی مامۆستاكانم دەكەم كە هاتوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن بەبێ ئەوەی مووچەیان پێبدرێت، ئەوەش بڕیارێكی باشە كە لەبەرژەوەندی ئێمە داویانە و هاتونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن تا لەوە زیاتر دوا نەكەوین".
دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگاكان لەكاتێكدایە مامۆستایانی لیستی هاوبەش كە پێكهاتوون لە مامۆستایانی سەر بە رێكخراوەكانی مامۆستایانی بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان مكووڕبوونی خۆیان لەسەر بایكۆتكردن دووپات كردووەتەوە، ئێوارەی دوێنێش بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و جەختیان كردەوە لەوەی بایكۆت ناشكێنن و سوورن لەسەر داواكارییەكانیان.
بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی فەرمی بەرپرسانی پەروەردە، پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد، بەڵام ئامادە نەبوون لەبارەی شێوازی دەوام و بایكۆتی مامۆستایانەوە لێدوان بدەن.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دڵشاد عومەر كە لەگەڵ نوێنەرانی چەند مامۆستایاكی ناڕازی سەرقاڵی كۆبوونەوە بوو، تەنها ئاماژەی كرد بەوەی سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی داواكاری مامۆستایانن.