ھەولێر
حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێ زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی ناوخۆیی عێراقی وەرگرتووە.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێم دیندار زێباری ئاشکرای دەکا، ئەو ئاوارە ناوخۆییانەی عێراق کە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، یەک ملیۆن و پێنج سەد ھەزار کەسی تێپەڕاندووە کە بە "بارگرانی"یان بۆ سەر ھەرێم لە بارودۆخی ئێستای دارایی دەزانێ.
زێباری لەوبارەیەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ھەولێر گوتی: "ئێمە لە کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورەداین، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارەی ناوخۆییمان وەرگرتووە، کەلوپەلی خواردن و جێی حەوانەوە بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو ئێمە بە ھەموو خزمەتگوزارییەکانەوە ھاریکاری ئەوانمان کردووە، داواکارین لە حکومەتی عێراق بە زووترین کات یارمەتی دارایی پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکا بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە."
گوتیشی: "دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق تا ھاریکاری ھەرێم بکا لە یارمەتیدانی ئەو ئاوارانە و بودجەی ھەرێم رەوانە بکا، چونکە بەو بودجە کەمەی پارێزگاکان ناتوانرێ بە تەواوەتی خزمەتی ئەو ئاوارانە بکەین."
قسەکانی ئەو بەرپرسەی حکومەتی ھەرێم کە یەکەم جار نییە بەرپرسە باڵاکانی لەو ئاستە رەخنە لە "بێ باک"ی حکومەتی عێراق بەرامبەر بەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ھەرێمدان لە پەراوێزی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھات، کە تیایدا لە ھەولێر ھاریکاری خۆراک و خواردنەوەی ھەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ھۆڵەندا گەیەنرایە دەزگای روانگە تا بەسەر ئاوارەکانی ھەرێمی دابەش بکا.
ھاریکارییەکانی ئەو دوو وڵاتەش بریتی بوون لە نزیکەی پەنجا تەن خۆراک و خواردنەوە و نزیکەی دوو ھەزار بەتانی.
دیندار زێباری لەگەڵ سوپاسکردنی حکومەتی ئەڵمانیا و ھۆڵەندا بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی ھەرێم گوتی: ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی ئاوارەکانەوە جێگەی رێزە، ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە رووی مرۆیی و سیاسی و سەربازیشەوە یارمەتییان داوین و پێشبینی دەکەین ئەو ھاریکارییە دوو قۆڵییە دوو سێ لایەنە ببێ."
بەرپرسی نووسینگەی ھەماھەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باربرا مانزا لەو رێوڕەسمەدا ئامادەبوو و لە گوتارێکدا چەند داتا و ئامارێکی لەسەر ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو.
سەرباری دەستخۆشیکردن لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکانی بە ئاوارەکانی ھەرێم، مانزا گوتی: "لە عێراقدا یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس ئاوارەی ناوخۆیین، لەو ژمارەیەدا بە تەنیا لەمساڵدا ٨٥٠ ھەزار ئاوارەی ناوخۆیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، پێشتریش ئاوارە و پەنابەری دیکەش ھاتوونەتە ھەرێم کە زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار پەنابەر ھەبوون."
باربرا کە بە پێویستی زانی ھاریکاری بەپەلە بگەیەنرێتە ئەو ئاوارانەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن، گوتی: "دۆخی ئێستای ئاوارەکان لە عێراق لە قەیراندایە" بە پێویستیشی زانی ھەماھەنگی نێودەوڵەتی زیاتر ھەبێ.
کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ئەلفرێد سیمس کە یارمەتییەکانی وڵاتەکەی و ھۆڵەندای گەیاندە دەزگای روانگە بۆ دابەشکردنی، لە رێوڕەسمەکەدا باسی لەوەکرد کە وڵاتەکەی لەو ماوەیەدا ٢٦ ملیۆن یۆرۆی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان تەرخانکردووە، کە ٢٠ ملیۆنیان دراوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی خۆراکی جیھانیی و بەشێکی دیکەشی بە چەند رێکخراوێکی ناحکومی و دوو ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلاریش بۆ رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی تەرخانکراوە.
ئەلفرید باسی لەوەشکرد وڵاتەکەی لە رێگەی ١٠ فڕۆکەوە ٣٧٠ تەن خۆراک و خواردنەوە و کەلوپەلی پزیشکیی و پێداویستی چێشتخانەیان گەیاندووەتە ئاوارەکان، گوتیشی: "تا ئەو کێشەیە ھەبێ ئەڵمانیا لە یارمەتیدانیان راناوەستێ."
دەزگای روانگە کە ئەرکی دابەشکردنی ئەو یارمەتییە نێودەوڵەتییەی ئەڵمانیا و ھۆڵەندای گرتووەتە ئەستۆ، لە رێگەی بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکەیەوە رەوەند عەبدولقادر ئاشکرایکرد ئەوان لە چەند مانگی پێشوودا توانیویانە یارمەتییەکان بگەیەنن بە زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار ئاوارەی ھەرێمی کوردستان لە ھەرسێ پارێزگاکە.