هەولێر
دوومانگ نزیك دەبێتەوە، لە شەڕی چەكدارانی داعش لە بەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگە، لە سنووری پارێزگای موسڵ و كەركوك و ناوچەكانی جەلەولا، لە قۆناغی ئێستا كە چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەك تێكشكاون و پاشكەشەیان كردوە. بەرپرسانی ئەمریكا و كوردیش زەرەر وزیانەكانیان ئاشكرا دەكەن.
ئەگەرچی چەكدارانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری دەستپێشخەربوون لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، كەچی لە ماوەیەكی كەمدا پێشمەرگە توانی قەزای مەخمور و بەنداوی موسڵ و چەند ناوچەیەكی سەر بە پارێزگای كەركوك و ناحییەی جەلەولا لە چەكدارانی داعش وەربگرێتەوە. لە رۆژانی پێنج شەم و هەینی رابردوو بەدواوە، بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا پێشمەرگە لە سنووری ناحیەی زوممار لە پێشڕەویدان.
پاشەكشە و شكانی چەكدارانی داعش زیاتر بۆ 8ی ئابی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە كاتێك فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا توانیان گورزی سەربازی لەو چەكدارانە بوەشێنن. دواتر هێزەكانی پێشمەرگە پێشڕەویان كرد.
وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "لە 8ی ئاب تا رۆژانی كۆتایی مانگی ئاب، فڕۆكە جەنگییەكان توانیویانە 110 هێرشی ئاسمانی بكەنە سەر مۆڵگە و حەشارەگەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش."
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەشداوە. لەو هێرشانەی كە كراونەتە سەر چەكدارانی داعش دەیان ئۆتۆمبێل و تانك و چەكی قورسی چەكدارەكانیان سوتاندەوە و تێكشاون.
لە قۆناغی ئێستا لە سنووری قەزای مەخمور و گوێڕ هێزەكانی پێشمەرگە توانیوانە تەواوی ناوچە كوردییەكان، لە دەستی چەكدارانی داعش وەربگرنەوە.
سەرپەرشتیاری میحوەری قەزای مەخمور و ناحیەی گوێڕ سیروان بارزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا بارودۆخەكە زۆر ئارامە و هیچ كێشەیەكی ئاسایش لەناوچەكە نییە و زۆربەی شوێنەكانی خۆمان گرتووەتەوە."
سیروان بارزانی گوتیشی: "ئەوەی ئێستا روودەدا چەكدارانی داعش هەر ئەوەیان بەدەستەوەیە جار جار بەهاوەن و تۆپ هێرش دەكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەڵام ئەو هێرشانە مەترسی نین بۆ سەر پێشمەرگە".هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ سەر چەكدارانی داعش لە سنووری گوێڕو مەخمور بەپێنج قۆناغ ئەنجامدراوە، پێشڕەوی ئەو هێزە كوردیانەش بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بووە. ئەوان توانیویانە سەركەوتن بەدەست بێنن لە سنوورەكە.
سەرپەرشتیاری هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخمور و گوێڕ سیروان بارزانی دەڵێ: "لە هێرشەكانی پێشمەرگە بۆسەر چەكدارانی داعش، 40 چەكداریان كوژراون و زیاتر لە 70 برینداریان هەبووە".
سەبارەت بە چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی سەربازی چەكدارانی داعش بارزانی دەڵێ: "چەكدارانی داعش چەك و كەرەستەی سەربازی زۆریان پێبووە. چەكەكانیش جگەلە كەڵاشینكۆف و بیكەسی، دۆشكەی 14 ملیم و تۆپی 120 ژمارەیەكی زۆر هامەر و ئۆتۆمبێلی درعیان پێبووە."
سەرپەرشتیاری هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری قەزای مەخمور و ناحیەی گوێڕ بەبێ ئەوەی هیچ ئامارێك بخاتەڕوو ئاشكرایكرد هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە لەماوەی ئەو چەند رۆژەی كە شەڕ بووە. ژمارەیەك چەكداری داعش دەستگیر بكەن، دواتر رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردوە.