Ahmet Dursun
23 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2026
سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاند کە وڵاتاکەی ئامادەی دیپلۆماسییە و بەڵام بەرامبەر بە هەڕەشەکان و گوشارەکانی ئەمریکا، لە جەنگ ناترسێت.
پزیشکیان لە میانی ٨١مین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەش کرد.
مەسعود پزیشکیان لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ کە ڕایگەیاندبوو، "ئێران تیرۆریستە"، وێنەی خەڵکی سڤیل و ئەو منداڵانەی نیشان دا کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە میانی جەنگ دژی وڵاتەکەی کوژراون و گوتی: "ئێرانییەکان قوربانی تیرۆرن".
پزیشکیان وێرای ئاماژەدان بەوەیکە ئەمریکا و ئیسرائیل، زانایان، ژنان و منداڵانی ئێرانی ئێمەیان کوشت، گوتی: "تیرۆریستان و پشتیوانیکارانی تیرۆر، ئێمە بە تیرۆریست دەزانن؛ ئێمە تەنیا بەرگریی لە خۆمان دەکەین و ئێمە تیرۆریست نین".
مەسعود پزیشکیان گوتی، ئەمریکا و ئیسرائیل بە چەکی پێشکەوتوو هێرشیان کردە سەر ئێران و ئێران بەرگریی لە خۆی کرد و گوتیشی، "قوتابخانە، نەخۆشخانە و پردەکان و ژێرخانە سڤیلەکانمان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشی کرایە سەر".
سەرکۆماری ئێران ڕاشیگەیاند: "ئێران هەرگیز دەستپێشخەری جەنگ نەبووە و هەموو کاتێک پابەندیی خۆی بە مێزی دانوستان دووبارە کردووەتەوە. جەنگ بەسەرماندا سەپا. ئێمە سەلماندمان کە بۆ بەرگرییکردن لە خۆمان لە جەنگ ناترسین و لە دانوستانیش ڕاناکەین و هەتا سەر بەرگریی لە ئێرانی ئازیزمان دەکەین".
پزیشکیان ڕاشیگەیاند کە ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا هەر شوێنێک بیهەوێ بۆردومانی دەکات و گوتی: "ئەوان پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی نین".
- "بۆمبی ناوەکی لە ئیسرائیلە، کەچی چاودێرانی ئاژانسی وزەی ناوەکی لە ئێرانن"
پزیشکیان ڕایگەیاند کە ئیسرائیل خاوەنی چەکی ناوەکییە، ئامادە نییە ببێتە ئەندام لە پەیماننانەی نەهێشتنی چەکی ناوەکی (NPT) و بە درێژایی مێژووی هەرگیز ڕێگە بە چوونی یەک چاودێری نێودەوڵەتی نەداوە.
سەرکۆماری ئێران ڕایگەیاند: "بۆمبی ناوەکی لە ئیسرائیلە و ئەوانە هەرگیز چاودێرییان لەسەر نەبووە بەڵام چاودێران لە ئێرانن. ئیسرئیل خەریکی کۆمەڵکوژییە بەڵام ئێران سزا دەدرێت". گوتیشی: "ئەگەر بە دوای دادپەروەرین، دۆستان و ڕکابەرەکان پێویستە بە پێوەرێکی یەکسان بابەتەکە هەڵسەنگێنن. ئێران بە دوای باجێکی تایبەتدا نییە، تەنیا مافی خۆی دەوێ و ئامادەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە".
گوتیشی: "ئێمە چەکی ناوەکیم ناوێ، بەڵام بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانی ناوەکیمان قبوڵ نییە".
لەبارەی گەرووی هورمزیش، سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان گوتی: "ئێران دراوسێکانی وەک ڕکابەرێکی تەناهی نابینێت. ئێمە دەمانەوێ دراوسێی بەهێزمان هەبێت. ئێمە نامانەوێ لە ئاوەکانی کەنداودا ناسەقامگیری هەبێت و لەهەمانکاتدا ئەوان ناتوانن کەڵک لەو ڕێڕەوە ئاوییە وەربگرن بۆ هێرشکردنە سەر ئێمە. ئەوان دەستپێڕاگەیشتنی بە ڕێڕەوە ئاوییەکانی خۆمان بەرتەسک دەکەن".