Zana Natık Kerem
02 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی ئەو راپۆرتەی دایەوە کە باسی لەوەکردبوو، ئێران مووشەکی بالیستی داوەتە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعە کە لە بری ئەو لە عێراق شەڕ دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وەڵامی ئەو راپۆرتەدا رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بەھیچ شێوەیەک رێگەنادات خاکەکەی بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دیکە بەکاربھێنرێت.
لە بەیاننامەیەکدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد مەحجوب سەرسوڕمانی وەزارەتەکەیانی نیشانداوە بەرامبەر ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییەی کە لەبارەی ئەوەی گوایە گرووپە چەکدارەکانی شیعە مووشەکی بالیستیان لە ئێران وەرگرتووە، رایگەیاندووە "عێراق ناچار نییە وەڵامی ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییە بداتەوە، چونکە زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە تەنھا دەنگۆیە و ھیچ بەڵگەیەکی تیایدا نییە کە راستی و دروستی ئەو زانیارییانە بسەلمێنێت".
ئەحمەد مەحجوب دووپاتیکردووەتەوە، سەرجەم دامەزراوەکانی عێراق پابەندەن بە ماددەی حەوتی دەستووری هەمیشەیی کە ئەو ماددەیە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، "نابێت خاکی عێراق وەک بارەگە یان رێرەوێک بۆ بەئامانجکردنی وڵاتانی دیکە بەکاربھێنرێت".
لەو راپۆرتە رۆژنامەوانییدا ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق، گورز لە ئامانجەکانی وڵاتانی دیکە دەوشێنن، ئەگەر ئێران رووبەڕووی ھەر ھێرشێک ببێتەوە.
دەگوترێت کە ئێران چەک و تەقەمەنی پێشکەشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کردووە لەسەروویانەوە حزبوڵڵا عێراق و عەسائیبی ئەھلی حەق.