جيهان

هاکان فیدان: "دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازین بۆ سەر ئێران"

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان: "هیوادارین بەبێ دەستوەردانی دەرەکی کێشە ناوخۆیییەکانی ئێران لەلایەن گەلی ئێرانەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن".

Sümeyye Dilara Dinçer, Sercan İrkin  | 30.01.2026 - نوێکردنەوە : 30.01.2026
هاکان فیدان: "دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازین بۆ سەر ئێران"

Ankara

ئیستانبوڵ - A

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان ڕایگەیاند: "هیوادارین بەبێ دەستوەردانی دەرەکی کێشە ناوخۆیییەکانی ئێران لەلایەن گەلی ئێرانەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی لە ئیستانبوڵ، هاکان فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا دووا و، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

فیدان ئاماژەی بەوە کرد بە وردی باسیان لە پرسە هەرێمیی و دووقۆڵییەکان کردووە و، گوتی: "ئاسایشی ناوچەکە کاری لە پێشینەی سیاسەتی دەرەوەماندایە، هەمیشە پێمانوایە دەبێت کێشە هەرێمییەکان لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە خۆیانەوە چارەسەر بکرێن".

گوتیشی: "هیوادارین بەبێ دەستوەردانی دەرەکی کێشە ناوخۆیییەکانی ئێران لەلایەن گەلی ئێرانەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکانی ئێران دەکەن و، ڕایگەیاند: "(خۆپیشاندانەکانی ئێران) بینیمان ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە هەوڵیدا سوود لە دوایین پێشهاتەکان وەربگرێت. ئەم دۆخە جارێکی دیکە ئەوەی نیشان دا کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە نەک تەنیا بۆ تورکیا ، بەڵکو بۆ ئێرانیش جێگەی مەترسییە".

فیدان جەختی لەسەر پێویستیی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە کردەوە و، ئاماژەی بەوەیش کرد دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییە هەرێمییەکان.

ڕاشیگەیاند: "لە هەموو دەرفەتێکدا بە موخاتەبەکانمان ڕاگەیاندووە کە دژی هەر دەستوەردانێکی سەربازین بۆ سەر ئێران".

فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا جارێکی دیکە ئامادەیی تورکیای بۆ هاوکاریکردن لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بۆ عێراقچی دووپات کردووەتەوە و، ڕایگەیاند: "دەبینین ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەمریکا قایل بکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران. ئەم هەوڵانەی ئیسرائیل مەترسیی ئەوەیان هەیە زیانێکی گەورە بەر سەقامگیرییە ناسکەکەی ناوچەکەمان بگەیەنن. هیوادارم ئیدارەی ئەمریکا عاقڵمەندانە بجووڵێتەوە و دەرفەت بەمە نەدات. پێویستە ئیسرائیل کۆتایی بهێنێت بە سیاسەتەکانی تێکدانی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın