مەسرور بارزانی: "ھیوادارین ئەم ڕێککەوتنە فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی"
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "ھیوادارین ئەم ڕێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ ھەموو سووریا".
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و "ھەسەدە"ى کرد و ڕایگەیاند: "ھیوادارین ئەم ڕێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ ھەموو سووریا".
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "ھیوادارین ئەم ڕێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ ھەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی ھەموو پێکھاتەکانی سووریا و ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ مال و زێد و ناوچەکانی خۆیان".
ئاماژەی بەوەشداوە: "پشتیوانی گەلی کوردستان لە ھەموو جیھان و بە تایبەتی ڕوڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییھێنان بە گرژیەکان و گرتنەبەری ڕێگەی دایەلۆگ بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکان، جێگەی شانازییە".
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: "ڕێز و پێزانینمان ھەیە بۆ ڕۆڵی سەرۆک، حکوومەت، نوێنەر و کۆنگرێسی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست لە کوتاییھێنان بە گرژیەکان و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی ھەموو پێکھاتەکانی سووریا و سەقامگیریی لە ناوچەکە".
