Heman Hussein Yaseen Yaseen
25 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2019
هەولێر - AA
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق دەستیپێکرد.
شاندەکەی حکوومەتی عێراق پێکھاتووە لە وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیران، فوئاد حوسێن، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە سامر غەزبان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی فالح فەییاز و بەڕێوبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەبو جیھاد ئەلھاشمی.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی، وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد و وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب بەشدارن.
درەنگانی شەوی رابردوو، شاندەکەی حکوومەتی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لە لایەن جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لێکرا.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی دوو لایەن لەسەر پرسەکانی نەوت، ئابووری، ئەمنی و ماددەی ١٤٠ دەبێت.
دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەم وێستگەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، مەسرور بارزانی لە ١٦-٧-٢٠١٩ بۆ بەغدا بوو و لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆمار بەرھەم ساڵح، سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبوسی کۆبوویەوە.