Sarp Özer,Abdullah Shukur
22 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2019
ئەنقەرە - AA
لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار و نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ سووریا، جێمس جێفریدا، دروستکردنی ناوچەی ئارام لە رۆژھەڵاتی فوڕات و دوایین پێشھاتەکانی سووریا، تاوتوێکراون و تێدا ئاکار نیگەرانیی لە کۆبوونەوەی کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی لە سووریا، دەربڕیوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان خوڵوسی ئاکار و جێمس جێفری بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەی ھەردوو لایەن تاوتوێی دروستکردنی "ناوچەی ئارام" لە رۆژھەڵاتی فوڕات و بەرەنگابوونەوە لە دژی داعش و دواپێشھاتەکانی سووریا کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە: "لە میانی لە کۆبوونەوەکەدا وەزیر ئاکار ئاماژەی بە دروستکردنی "ناوچەی ئارام" لە رۆژھەڵاتی فوڕات بە ھەماھەنگی تورکیا و ئەمریکا و دەرکردنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە لە ناوچەی ئارام و لەناوبردنی پێگەکانی چەکداران لە ناوچەکە و کۆکردنەوەی چەکە قورسەکان و دەستەبەرکردنی مەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئەو برا سووریانەی کە شوێنەکانیان جێھێشتووە کردووە".
ئاکار راشیگەیاندووە کە خەباتی تورکیا لە دژی برا کور و عەرەب و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە نییە و تەنھا لە دژی تیرۆریستانی داعش و پەکەکە/یەپەگەیە.
ھەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار نیگەرانیی لە کۆبوونەوەی کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی لە سووریا، دەربڕیوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاند: "ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە سبەینێوە کارە ھاوبەشەکانی پەیوەست بە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە لایەن شاندە سەربازییەکانی ھەردوو وڵات، لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا درێژەیان ھەبێت".