Muhammet Kurşun,Hemın Othman Mohammed,Muhammet Ali Kemal
22 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2019
تاران - AA
به‌پێی ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ی کە له لایه‌ن نووسینگه‌كه‌یه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه، عەلی خامنه‌یی له‌گه‌ڵ شاندی حه‌ماس كه له تارانه تاوتوێی بابه‌تی فه‌ڵه‌ستینی كردووه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خامنه‌یی باسی له‌وه كردووه كه دۆزی فه‌ڵه‌ستین گرنگترین بابه‌تی جیهانی ئیسلامییه.
خامنه‌یی ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه شۆڕش كه له ساڵی ١٩٧٩دا له ئێران ئه‌نجامدرا باڵیۆزخانه‌ی ئیسرائیلی له تاران گۆڕی بۆ باڵیۆزخانه‌ی فه‌ڵه‌ستین، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه ئێران جددیه له بابه‌تی فه‌ڵه‌ستیندا و حكوومه‌تی تاران له‌و باره‌یه‌وه هه‌نگاو بۆ دواوه نانێت.
عەلی خامنه‌یی ره‌خنه‌ی له سعوودیه گرت به هۆی سیاسه‌ته‌كانی له بابه‌تی فه‌ڵه‌ستیندا و حكوومه‌تی ریازی تۆمه‌تباركرد به شوێنكه‌وتنی ئه‌مریكا و گرێبەستی سه‌د ساڵه‌ی به ''پیلانێكی مه‌ترسیدار'' له‌قه‌ڵه‌مدا و باسی له‌وه كرد كه ئامانجی ئه‌و پلانه له‌ناوبردنی ناسنامه‌ی فه‌ڵه‌ستینه.
كاربه‌ده‌ستی حه‌ماس، ساڵح عه‌رووری ئه‌و نامه‌یه‌ی راده‌ستی خامنه‌یی كرد كه له لایه‌ن سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌كه، ئیسماعیل هه‌نییه-وه ره‌وانه‌كرابوو.
ساڵح عه‌رووری له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه هێزی به‌رگریی حه‌ماس و گرووپه‌كانی دیكه‌ی به‌ره‌نگاریی به‌راورد به ساڵانی رابردوو، پێشكه‌وتووترن.
شاندی حه‌ماس كه رۆژی شه‌ممه سه‌ردانی ئێران-یان كردبوو، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ستراتیجیی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی ئێران، كه‌مال خه‌رازیی كۆببوونه‌وه. شانده‌كه سبه‌ی له‌گه‌ڵ راوێژكاری خامنه‌یی بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی كۆده‌بێته‌وه.