Hemin Hüseyin
01 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2018
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی ھەماھەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە عێراق، مێجەر جەنەڕال شون جێنکینس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، ستیڤ ڤاگن و، شاندێکی یاوەریان کرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا شاندی میوان سوپاسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە بۆ ئەو ھاوکارییەی کە پێشکەشیان کردوون و ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی پێشمەرگەیان بۆ لەناوبردنی مەترسیی تیرۆر بەرز نرخاندووە، ھەروەھا بە پێویستیان زانیووە بەرامبەر بە مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش، ھەماھەنگی و ھاوکاری لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانان ھەبێت، ئامادەییی خۆشیان بۆ بەردەوامیی ھاوکارییەکانییان لەبارەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیشان داوە.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ھاوکارییە سەربازییەکانی ھاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کردووە و، ھیوای بەردەوامیی ئەو ھاوکاریانەی خواستووە بەتایبەتی لە بواری چاکسازی و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کە دەبێتە ھۆکار بۆ کاریگەرتربوونی ھێزی پێشمەرگە. دووپاتیشی کردووەتەوە کە ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پاڵپشتی ھاوپەیمانان، رێگە لە سەرھەڵدانەوەی ھەر جۆرە مەترسییەکی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، دەگرێت.
تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراقەوە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە.