Hemin Hüseyin
01 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2018
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی کرد لە کۆنسولی نوێی کۆماری چیک لە ھەرێمی کوردستان، میخال سڤۆبۆدا و شاندێکی یاوەری.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کورستان لە دیدارێکدا، میخال سڤۆبۆدا ئاماژەی بە پەیوەندییە دۆستانە و دێرینەکانی ھەرێمی کوردستان و چیک کردووە و سوپاسی ھاوکاری و ئاسانکارییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ کۆنسولی پێشوو کردووە و ھیوای بەردەوامیی ھاوکارییەکانی خواستووە، ھەروەھا ئامادەیی وڵاتەکەیشی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری زانستیدا دەربڕیووە و کردنەوەی زانکۆی تەکنیکیی چیکی لە ھەولێر بە ھەنگاوێک بەم ئاراستەیە لەقەڵەم داوە، ئەمە جیا لەوەی کە چەند رێکخراوێکی چیکی لە بواری مرۆییدا ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەران دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە میخال سڤۆبۆدا کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە کارەکانیدا بۆ خواست و ھاوکاری و ئاسانکاریی حکوومەتی ھەرێمی بۆ کار و چالاکییەکانی نیشان دا و جەختی لە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و چیک کردەوە. دەستخۆشیشی لێکردن بۆ کردنەوەی زانکۆی تەکنیکیی چیکی لە ھەولێر و ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەرەوپێشبردنی ھاوکاری و پەرەپێدانی زانستی و بوارەکانی دیکەش دەربڕیووە.