07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، یان کۆبیش و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکی نێوانییان باس لە دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە و عیراق و ھەرێمی کوردستان کرا و ھەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک ھەوڵی کۆتاییھێنان بەو گرژییانە بدەن کە بەم دواییە لە ناوچە جێناکۆکەکان دروست بوون، لە جیاتی ئەوە دیالۆگێکی جددی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان دەست پێ بکرێت، لەمباریەشەوە رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە زەمینەسازی بۆ دروستکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ، بە پێویست زانرا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە تاکە رێگای چارەسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆ و دیالۆگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێشتر و ئێستایش ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و دیالۆگێکی جددی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەل بەغدا، دەربڕیووە.
تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە دۆخی ناوچەکەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
لەماوەی دوو هەفتەدا ئەوە دووەمجارە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یان کۆبیش کۆدەبنەوە.
رۆژی ٢٤/١٠/٢٠١٧ ، سەبارەت بە دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یان کۆبیش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و هەر ئەو کات راگەیانرا کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ بەغدا ھەوڵی ئەوە دەدات کە گرژی و ئاڵۆزییەکان و جموجۆڵە سەربازییەکانی عیراق بوەستێنرێن.