سياسەت

لێدوانی رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی و عیماد ئەحمەد

ـ لە دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەی نێوان راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و شاندی گفتوگۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، ھەردوولا لێدوانیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دا.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 17.06.2019 - نوێکردنەوە : 18.06.2019
لێدوانی رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی و عیماد ئەحمەد

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەدا سەرەتا راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، ئامانج لە کۆبوونەوەکان پێشکەشکردنی سی ڤی کاندیدی لایەنەکانە بۆ ئەو پۆستە وەزارییانەی لە کابینەی نوێی حکوومەت بەریان دەکەوێت، تا بەزووترین کات حکوومەت پێکبھێنرێت، چاوەڕوانی ئەوەش دەکەن یەکێتی لە وادەی خۆیدا سی ڤی وەزیرەکانیان پێشکەش بکەن.

مەسرور بارزانی گوتی: "پێویستە پێش وادەی یاسایی خۆی ھەموو سی ڤی-ییەکان ئامادە بکەین و پێشکەش بە پەرلەمانی بکەین و لەگەڵ لایەنەکانی تریش پێکەوە حکوومەت پێکبھێنین".

لە لای خۆیەوە سەرۆکی شاندی گفتوگۆکانی یەکێتی، عیماد ئەحمەد گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی ھەموو ئەو شتانەمان کرد کە لە کابینەکەدا پێویستە، ھیوادارین پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی تریش حکوومەتێکی راست و دروست و زۆر بەھێز بۆ کۆمەڵانی خەڵک دروست بکەین و ئەو حکوومەتە بتوانێت خزمەتێکی باشی خەڵک بکات کێشەکان چارەسەر بکات".

عیماد ئەحمەد گوتی: "وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چەند رێککەوتنێکمان ھەیە کە سوورین لەسەر ئەو رێککەوتنانە و پێکەوە بەندەکانی جێبەجێ بکەین، ئێمە وەک یەکێتی ھاوبەشێکی راستەقینە بووین لە پڕۆسەی سیاسی ھەرێم و وەزعی ئیدارەی ھەرێم و ئەوە یەکەم کابینەی حکوومەت نییە بەشداری تیایدا دەکەین و لە کابینەکانی تریش بەشداریمان کردووە، ھیوادارین ئەم کابینەیە درێژکراوەی کابینەکانی تر بێت و چارەسەرکەری کێشەکانی کابینەی پێشوو بێت، ھەروەھا دڵنیایی بداتە ھاووڵاتییان کە کێشەکان چارەسەر دەکات".

ئەو ھەروەھا گوتی: "ئێمە وەک پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تر ئەرکی سەرشانمانە ئەم پرۆسە و دەستکەوتە بپارێزین و بەرەو پێشەوە ببەین".

لە بارەی بەستنەوەی بەشداریکردنیان لە حکوومەت بە پرسی پارێزگاری کەرکووک، بەرپرسەکەی یەکێتی لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە رێککەوتنمان ھەیە، ھەردوولا سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی کە کردومانە، کێشەکانی کوردستان بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە بەشێک لە کێشەکانی ھەرێم دەزانین و پێویستە پێکەوە چارەسەریان بکەین".

لە لای خۆیەوە مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان ئەوەی رەتکردەوە یەکێتی بەشداریکردنی حکوومەتی بەو پرسەوە بەستبێتەوە و گوتی: "ئەرکی ئێمەیە بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و برادەرانی یەکێتی بەڕێزەوە پابەندی ئەو رێککەوتنەن کە پێشتر ھەمانبووە لەسەر شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان لە حکوومەت، ئینشائەڵڵا چاوەڕوانی ئەوەین لە وادەی خۆی سی ڤی کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستە وەزارییەکان پێشکەش بکەن و خەڵک لەو چاوەڕوانییە قوتار بکەن".

راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانی-یان کرد و لەگەڵ یەکێتی و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، دواتریش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın