Dlshad Saifaalddin Ahmed
17 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2019
سلێمانی ـ AA
راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دوای سەردانی بارەگای حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری حزبەکە، محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە بەشداریکردنی ئەو حزبە لە کابینەی نوێی حکوومەت و ئامادەکردنی سی ڤی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان کردووە.
مەسرور بارزانی گوتی: "لە کابینەی نوێی حکوومەتدا، وەزارەتی شەھیدان ھی حزبی سۆسیالیستە و ھیوادارین سەرکەوتوو بن".
راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بارەی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بەو شێوەیە وەڵامی دایەوە "وابزانم بەرکەوتەکانی کابینە دیاریکراون و ئەو لایەنانەی کە پێویست بووە بەشداربن ھەموویان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە و ئەوە بڕدراوەتەوە، ئەو لایەنانەی پێشتر رێککەوتن کراوە لەگەڵیان ھەر ئەو لایەنانە بەشدار دەبن".
مەسرور بارزانی ئەوەشی گوت "وادەیەکی یاسایمان لەبەردەمە بۆ پێکھێنانی حکوومەت کە لە رۆژی راسپاردنەوە ٣٠ رۆژ دەخایەنێت، ھیوادارین لە کاتێکی زوتریش بتوانین ئەو ناوانە ئامادە بکەین و بیدەین بە پەرلەمان تاوەکو یەکلایی بکرێتەوە و پێش ٣٠ ئەم مانگە حکوومەت پێکبێت".
راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەبارەت بەوەیش یەکێتی پرسی بەشداریکردنی حکوومەتی بەستبێتەوە بە پۆستی پارێزگاری کەرکووکەوە لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە ئەوەمان لە یەکێتی نەبیستووە کە بیبەستنەوە بە پێکھێنانی حکوومەت، ئەرکی ئێمە پێکھێنانی حکوومەتە و بابەتی کەرکووک و ھەموو ناوچە کێشەلەسەرەکانی تر بۆ ھەموو لایەکمان گرنگە و ئەوە بەتەنھا بابەتی حزبێکی تایبەت نییە و ھەموومان گرنگی بەوە دەدەین و ھیوادارین چارەسەری گونجاویش بۆ ئەوە بدۆزینەوە".
لە لای خۆیەوە سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پرسی پێکھێنانی حکوومەت و پشکی حزبەکەی کردووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا سی ڤی کاندیدەکەیان پێشکەش دەکەن.
راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی و شاندێکی یاوەری ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانی-یان کرد و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە، دواتریش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە.