Heman Hussein Yaseen Yaseen
13 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2019
هەولێر - AA
ئەمرۆ چوارشەممە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، پێشوازیی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سداد ئونال و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی هەواڵێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کورستان، لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھەوڵ و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پرسە ھاوبەشەکان تاوتوێ کراوە.
لە بەشێکی هەواڵەکە ئاماژە بەوەکراوە کە مەسروور بارزانی خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکان دووپاتکردووەتەوە، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی وسەقامگیری و دراوسێیەتی باش بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە کە، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، سداد ئونال ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی خواستووە لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و، ویستی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەربڕیووە.
گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشھاتەکانی ناوچەکە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە.