Ayşe Aktaş
27 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژ و جێگری سكرتێری گشتی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ئیبراهیم كاڵن، لە ژێر ناوی "توركیا، دژی هەموو جۆرە تیرۆرێكە لە سووریا" بابەتێكی لە رۆژنامەی "دەیلی سەباح" بڵاوكردەوەو تیایدا ئاماژە بەوە دەكات كە دوای ئەوەی كاتەكانی نیوەی شەو رێككەوتنی میونخ كە كۆتایی بە شەڕو پێكدادانەكان لە سووریا دەهێنیت دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، تەواوی سەرنجەكان لەسەر سووریا دەبن كە ئاخۆ چی روو دەدات.
كاڵن دەڵێت "ئەو شتەی توركیا دژەیەتی، پێكهێنانی پێكهاتەیەكی سیاسیی و دەوڵەتی تیرۆرە لەلایەن پەكەكەوە كە ئیستا كاری بۆ دەكات لە باكووری سووریا، ئەویش بەو پشتیوانیانەی كە لە ئەمریكا، رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە وەری دەگرێت، ئەو كارە پەیوەندی بە بەرگری لە مافەكانی كوردانی سووریاوە نییە، بە پێچەوانەوە توركیا پشتیوانی لە مافەكانی كورد دەكات لە سووریا بێت یان لە عێراق".
ئیبراهیم كاڵن، ئەوەشی خستووەتە روو كە توركیا پەیوەندیەكی تەواوی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستانی باكووری عێراقدا هەیە، كە هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ پەكەكە و رژێمەكەی ئەسەددا نییە.
كاڵن ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە یەكەم كەس كە باسی لە مافی كورد لە سووریا كردووە سەركۆماری توركیا بووە و، ئەو وڵاتەشی لە كاتی هێرشەكانی 2014ی داعشدا بۆ سەر كۆبانێ دەرگای بەڕووی نزیكەی 200 هەزار كەسدا كردەوە توركیا بووە.
كاڵن لە نووسینەكەدا دەڵت: "ئەسەد، لەبەرئەوەی ئێستا بەرژەوەندی لەگەڵ پەیەدە و یەپەگەدا هەیە، هەوڵی راكێشانی كورد دەدات بەلای خۆیدا. پەیەدە و یەپەگە، بە هەماهەنگی كردن لەگەڵ رژێمەكەی ئەسەددا گەورەترین خراپە بەرامبەر كورد لە سووریا دەكەن. پێویستە جیاوازی روونی نێوان پەیەدە و یەپەگە لەگەڵ كورد لە سووریا بخرێتەڕوو، پێویستە دوژمنایەتی دژی كورد لە سووریا نەكریت".
لە درێژەی نووسینەكەیدا كاڵن ئاماژە بەوە دەكات وەك چۆن پەكەكە نوێنەرایەتی كورد لە توركیا ناكات، پەیەدە-ش تەنیا نوێنەری كورد لە سووریا نییە و دەڵێت "هەزاران كورد لەگەڵ ئایدۆلۆجیای پەكەكە و پەیەدە نین و هەڵویستێكی شكۆمەندانە لە دژی رژێمەكەی ئەسەد نیشان دەدەن".