Hemn Baban
27 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2016
هەولێر
ئومێد خۆشناو دەڵێت سیاسەتی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئومێد خۆشناو لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەوڵەكان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان كە لە 12ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2015ەوە پاش رووداوەكانی هەرێم كەوتووەتە حاڵەتی سڕبوونەوە و هیچ دانیشتنێكی نەكردووە گوتی: "ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش قەد لەگەڵ وەها دۆخێك نەبووین كە پەرلەمان بگاتە ئەوە رۆژەی كە ئێستا ئەزموونی هەرێمی كوردستانی تێدایە، واتە دژی ئەو بنەمایانە بووین كە بوونەتە هۆكاری گەیشتنە ئەو رۆژەی پەرلەمانی كوردستان".
گوتیشی: "بە بەردەوام لەگەڵ رووداوەكان و لەدوای رووداوەكانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە کە ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانداین، بەڵام راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان هەبووە بەتایبەت رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان درزی تێكەوتووە، ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەوەداین بە رێككەوتنێكی نوێ بۆ قۆناغێكی نوێ جارێكی تر پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە، ناكرێت چیدی وڵات بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو قسانەش رەت دەكاتەوە سەردانی هەفتەی رابردووی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی حزبەكەیەتی بۆ لای فراكسیۆنی گۆڕان پەیوەندیی بە مەسەلەی كاراكردنەوەی پەرلەمانەوە هەبێت و گوتی: "سەردانی بەڕێز جەعفەر ئیمینیكی هیچ پەیوەندییەكی بەو بابەتەوە نییە، رۆژانە دەوامی ئاسایی لە نێو پەرلەمانی كوردستان هەیە، فراكسیۆنەكان و ئەندامانی پەرلەمان هاموشۆ و سەردانی یەكتر هەیە، بەڵام ئەو سەردانەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان هەم لەزاری بەڕێزان لە فراكسیۆنی گۆڕان و هەم لە زاری جێگری سەرۆكی پەرلەمانیشەوە دەركەوتووە سەردانێكی كۆمەڵایەتی ئاسایی سیاسیی بووە و لێرە و لەوێ باس و خواس كراون، بەڵام پەیوەندییدار نەبووە بە بابەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانەوە".
پاش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە شار و شارۆچكەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە تشرینی یەكەم كە سووتاندنی چەند بارەگایەكی پارتی و هێرشكردنە سەریانی لێ كەوتەوە ئەنجام لە 12ی ئەو مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان رێگری لەوەكرد سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە شاری هەولێر، لەو رۆژەوە كە 135 رۆژ دەبێت پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوتووە و جگە لە هیچ دانیشتنێك هیچ كاریگەرییەكی لەسەر رەوشی سیاسیی هەرێمیش نەماوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئومێد خۆشناو لەبارەی چۆنێتی كاراكردنەوەی پەرلەمانیش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشكرا كرد كە حزبەكەی داوای كۆبوونەوە و گفتوگۆی دوو قۆڵی لە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە كە خۆشناو ئەو كۆبوونەوەیەی بە كلیلی كاراكردنەوەی پەرلەمانی ناوزەند كرد و رایگەیاند: "سیاسەتی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانە و چەندین جار بەچەندین شێوەی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان هەبووە، لێژنەیەكی باڵای كاركردنەوەی پەرلەمانیش هەبووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە كە گفتوگۆی دوو قۆڵی ئەنجام بدرێت، ئێمە ئەو گفتوگۆ دوو قۆڵییەی لەنێوان ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت بە كلیلی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەزانیین، ئەگەر بەڕێزان لە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری خۆیان دا نەینەوە نێو پڕۆسەی حكومڕانی و لە حكوومەت بكشێنەوە و ببنە ئۆپۆزسیۆن ئەو كات پەرلەمان بە رێككەوتنی دیكە و بەشێوازی دیكە لەگەڵ لایەنی دیكە كارا دەكرێتەوە، ئەگەریش رێككەوتنی نوێ بێتە كاراوە، جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی نوێ دەكەن بۆ قۆناغێكی نوێ كە پەرلەمانی پێ كارادەبێتەوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئومێد خۆشناو ئەوەشی دركاند كە هێشتا فراكسیۆنی پارتی و حزبەكەشی لەگەڵ ئەوەدانیین كە سەرۆكی ئێستای پەرلەمان دكتۆر یوسف محەمەد ببێتەوە بە سەرۆك و رایگەیاند دەبێت لە رێككەوتنی پارتی و گۆڕاندا كەسێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت، لەو بارەیەوە گوتی: "هێشتا لەگەڵ ئەوەداین کە سەرۆكایەتی پەرلەمان بێ دكتۆر یوسف بێت، چونكە دكتۆر یوسف لە هیوركردنەوەی دۆخەكە رۆڵی نەبینی و پەرلەمان نەبووە بەشێك لە چارەسەر، بەڵكو بووە بەشێك لە خوڵقاندنی كێشە، ئێمە لەگەڵ رێككەوتنی نوێن كە مەبەستمان ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدێكی نوێ بۆ سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكات".